ئەسەد سەردانەکەی سەرۆکی جەهەپەی بۆ سووریا قبوڵ کرد
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایگەیاند، بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا وەڵامی داواکارییەکەی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپەی داوەتەوە و رازی بووە سەردانی سووریا بکات. شوێن و کاتی سەردانەکەش تاوتوێ دەکرێت.
بورهانەدین بوڵوت، جێگری سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری ئەمڕۆ (چوارشەممە، 10ـی تەمووز) لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، پەیوەندییان بە ئیدارەی دیمەشقەوە کردووە و وەڵامێکی ئەرێنییان وەرگرتووە بۆ ئەوەی سەردانی دیمەشق بکەن.
بولوت کێشەی کۆچبەرانی سووریایی لە تورکیا و گۆڕی سلێمان شاهـ ـی ژێر دەسەڵاتی تورکیای لە سووریا وەبیرهێنایەوە و گوتی "ئۆزگور ئۆزەل بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەچێتە سووریا."
بولوت گوتیشی "وەڵامی دروستیان داینەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە. لە ئەمڕۆ بەدواوە تەنیا باسی مەرجەکان و شوێن و کاتی کۆبوونەوەکە دەکرێت. ئێمە داوای کۆبوونەوەمان کرد و دیمەشق قبووڵی کرد."
ئۆزگور ئۆزێل دوو هەفتە لەمەوبەر رایگەیاند لە مانگی تەمموز سەردانی سووریا دەکات و لەگەڵ بەشار ئەسەد کۆدەبێتەوە. ئۆزەل ئاماژەی بەوەدا، ئامادەیە نێوەندگیری لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا بکات.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رۆژی سێشەممە نۆ ـی تەمموز لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، رەخنەی لە ئامانجی سەردانەکەی سەرۆکی جەهەپە بۆ سووریا گرت و گوتی "ئایا ئێوە هەوڵی رێکخستنی سیاسەتی دژە کورد دەدەن؟"
باکرهان رەخنەی لە هەڵوێستی ئۆزەل گرت و گوتی "ئێمە، لە هەڵوێستی حکومەت تێدەگەین، بەڵام ئێستا سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆن هەوڵی لەم بابەتەدا داوە. چەند رۆژێک لەمەوبەر بەڕێز ئۆزگور ئۆزەل گوتی، دەتوانم نێوەندگیری بکەم بۆ ئەوەی ئەردۆغان و ئەسەد کۆببنەوە."