ژمارەی کوژراوانی غەززە بۆ 17,700 کەس بەرزبووەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئیسرائیل رۆژی شەممە، بەردەوامبوو لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە، دوای ئەوەی کە ئەمریکا رێگری لە هەوڵێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و ئاگربەستی رەتکردەوە. 
 
رێکخراوە مرۆییەکان دەڵێن، غەززە رووبەڕووی دۆخێکی "کارەساتباری" مرۆیی دەبێتەوە، لە لێواری بڵاوبوونەوەی چەندین پەتادایە و خەڵکەکەی خەریکە لە برسان دەمرن. 
 
لانیکەم 17 هەزار و 700 کەس کە زۆربەی هەرە زۆریان ژن و منداڵن، بەهۆی بۆردوومان و هێرشی ئیسرائیلەوە لە دوو مانگی رابردوودا گیانیان لەدەستداوە. هەروەها 48 هەزار و 780 کەسی دیکە برینداربوون، ئەمە بە گوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی غەززە. 
 
واشنتن، رۆژی هەینی بڕیارنامەیەکی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڤیتۆ کرد کە داوای ئاگربەستی دەکرد، هەنگاوێک کە بە تووندی لەلایەن حکومەتی فەلەستین، حەماس و رێکخراوە مرۆییەکانەوە سەرکۆنە کرا. 
 
لەکاتێکدا ئیسرائیل بەردەوامبوو لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر گەڕەکەکانی غەززە، لە ماوەی 24 کاژێردا، وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە گوتی، 71 تەرم گەیێندراونەتە نەخۆشخانەی ئەقسا لە دێرولبەلەح و 62ی دیکەیان بردراونەتە نەخۆشخانەی ناسر لە شاری خان یونسی باشووری کەرتەکە. 
 
ئەلێکساندرا سایەح، بەرپرسی رێکخراوی منداڵپارێز (Save the Children) لەبارەی دۆخی نەخۆشخانەکان دەڵێت، کرم لە برینەکان دەردەهێنرێت و منداڵان بێ پەنج ئەندامەکانی لەشیان دەبڕدرێتەوە."
 
بوشرا خالیدی، بەرپرسی رێکخراوی ئۆکسفام دەڵێت: "دۆخەکە تەنیا کارەستابار نییە، بەڵکو قیامەت-ئاسایە."
 
هاوکات، ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل کوژرانی 5 سەرباز و ئەفسەری خۆی لە غەززە راگەیاند، بەوەش کۆی گشتیی کوژراوانی سوپاکە لە سەرەتای شەڕەکەوە بۆ 425 کەس بەرزبووەوە. 
 
ئیسرائیل دەڵیت، تاوەکو حەماس لەنێونەبات، لە هێرشەکانی ناوەستێت، ئەوەش دوای ئەوەی کە 7ی تشرینی یەکەم، گرووپە فەلەستینییەکە هێرشی کردە سەر ئۆردوگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، کە بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، لەو رۆژەدا، لانیکەم هەزار و 200 کەسی کوشت و زیاتر لە 240 کەسیشی بە بارمتە گرت، کە 138یان هێشتا ئازادنەکراون. 
 
حەماس هۆکاری هێرشەکەی گەڕاندەوە بۆ هەراسانکردن و کوشتنی هاووڵاتیانی فەلەستینی لە کەرتەکانی رۆژئاوا و غەززە، هەراسانکردنی موسڵمانان لە مزگەوتی ئەقسا لە قودس - ئۆرشەلیم و دەربەدەرکردنی فەلەستینییەکان و زەوتکردنی ماڵ و موڵکەکانیان لە لایەن جووە هاوردەکانەوە.
 
بە گوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، پێش شەڕەکە، لە سەرەتای ساڵی 2023 تاوەکو رۆژێک پێش هێرشەکەی حەماس، 34 فەلەستینی لە کەرتی غەززە و 199 دیکەیان لە کەرتی رۆژئاوا بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل کوژرابوون. لە هەمان ئەو ماوەیەدا چوار ئیسرائیلی بە دەستی فەلەستینییەکان کوژرابوون.
 
ساڵی 2022، لە کەرتی غەززە 33 کەس و لە کەرتی رۆژئاواش 154 کەس بە گوللـەی ئیسرائیلییەکان کوژرابوون، لە کاتێکدا لە ئیسرائیل چوار کەس بە دەستی فەلەستینییەکان کوژرابوون.
 
لێواری دۆخێکی "دۆزەخ-ئاسا"
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەنگاوێکی دەگمەندا کە دەیان ساڵ بوو نەنرابوو، یاسای 99ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی کارا کرد و داوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاساییشی کرد بۆ دەنگدان لەسەر وەستاندنی شەڕەکە. 
 
گوتێرێز گوتی: "خەڵکی غەززە لە لێواری دۆخێکی دۆزەخ-ئاسادان."
 
بەڵام ئەمریکا بڕیارنامەکەی ئەنجوومەنی ئاساییشی ڤیتۆ کرد. رۆبەرت وود، نوێنەری ئەو وڵاتە گوتی، بڕیارنامەکە "لە راستی دابڕاوە" و "رێگە بە مانەوەی حەماس و دووبارەکردنەوەی ئەو شتە دەدات کە لە 7ی تشرینی یەکەم کردی."
 
ئێلی کۆهن، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتی، راگەیاندنی ئاگربەست حەماس "رزگاردەکات"، کە بە گوتەی خۆی، گرووپە فەلەستینییەکە "تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجامدەدات" و ئاگربەست "رێگەی پێ دەدات بەردەوامبێت لە فەرمانڕەواییکردنی کەرتی غەززە."
 
دوای ڤیتۆیەکە، مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین گوتی، "ئەمریکا بە بەرپرسیار دەزانین بەرامبەر بەو خوێنڕێژییەی لە دژی منداڵ، ژن و بەتەمەنەکانی فەلەستین دەکرێت." 
 
ئەڤریل بێنوا، بەرپرس لە رێخراوی پزیشکانی بێ سنوور، گوتی، ڤیتۆیەکەی ئەمریکا "دژبەیەکییەکی زەقی ئەو بەهایانەیە کە بانگەشەی بۆ دەکات."
 
هەروەها لە ناوچەیەکی سڤیلنشینی ناوچەی رەفەح کە بە بۆردوومانی ئیسرائیل خاپوورکراوە، خەڵک توڕەیی خۆی دەربڕی. 
محەممەد خەتیب، دانیشتووی ناوچەکە گوتی: "کەی ئەنجوومەنی ئاساییش لە پێناو دۆزی ئێمە و خەڵکی فەلەستین بڕیارنامەیەکی پەسەند و جێبەجێ کردووە؟"
 
حەماس سەرکۆنەی ڤیتۆیەکەی کرد و گوتی ئەوە "بەشداریکردنی راستەوخۆ"ی ئەمریکایە "لەگەڵ داگیرکاران لە کوشتنی خەڵکەکەمان."
 
هەروەها ئێران هۆشداری دا کە دەکرێت ئەوە سەربکێشێت بۆ "تەقینەوەیەکی لەدەستدەرچووی دۆخی ناوچەکە"، لە کاتێکدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەرکۆنەی ئەنجوومەنی ئاساییشی کرد و بە "ئەنجوومەنی پاراستنی ئیسرائیل" ناویبرد.
 
"دۆخێکی قیامەت-ئاسا"
 
نزیکەی 1.9 ملیۆن کەس لە کۆی 2.4 ملیۆن دانیشتووی غەززە، ئاوارە بوون. 
 
بەهۆی ئەوەی رێگەی دەرچوونیان نییە، روویانکردووەتە ناوچەی رەفەح لە نزیک سنووری غەززە لەگەڵ میسر؛ ناوچەکە بووەتە کەمپێکی گەورەی ئاوارەکان. 
 
لە سەرانسەری باکووری غەززە، تەنیا دوو نەخۆشخانە بە نیمچە کراوەیی ماونەتەوە و ئەوانی دیکە بەهۆی بۆردوومان بە تەواوی داخراون. یەکێک لەوانەی بە نیمچە کراوی ماوەتەوە، نەخۆشخانەی عەودەیە کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "بە تانک و سەربازی ئیسرائیلی گەمارۆدراوە و شەڕ و پێکدادان لە دەوروبەری بەردەوامە." 
 
لە شوێنێکی نزیک لەوێ لە ناوچەی جەبالیا، بەردەم فرۆشگاکان هەلکەندراوە و کراوەتە گۆڕستان بۆ ناشتنی تەرمی کوژراوانی غەززە. 
 
واشنتن، کە بایی ملیاران دۆلار یارمەتیی سەربازیی بە ئیسرائیل داوە، دەڵێت داوای لە هاوپەیمانەکەی کردووە کاری زیاتر بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل بکات.