قەتەر دەنگۆی داخستنی نووسینگەی حەماس رەتدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بە فەرمی ئەو هەواڵانەی رەتکردنەوە کە باس لە داخستنی نووسینگەی حەماس لە دەوحە دەکەن، بەڵام پشتڕاستی دەکاتەوە کە قەتەر لە نێوەندگیریکردنی گفتوگۆی ئاگربەستی غەززە دەکشێتەوە تاوەکو ئەوکاتەی حەماس و ئیسرائیل "ویستی جیدی" بۆ دانوستاندن پێشان دەدەن.
ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتەکە رۆژی شەممە رایگەیاند: "ئامانجی سەرەکیی نووسینگەی [حەماس] لە قەتەر ئەوەیە تاوەکو ببێتە نێوەندێکی پەیوەندی لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەم نێوەندە رۆڵی لە گەیشتن بە ئاگربەستێکی پێشوودا بینیوە."
هەر ئەمڕۆ ئاژانسە هەواڵییەکانی فرانس پرێس و رۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی قەتەرییەوە بڵاویانکردبووەوە کە گوایە قەتەر پێیوایە، "چیدیکە پێویست ناکات" مەکتەبی سیاسی حەماس لە دەوحە بمێنێتەوە.
مانگی نیسانی ئەم ساڵ، قەتەر تێڕوانینی خۆی بۆ هەبوونی مەکتەبی سیاسی حەماس لە خاکەکەیدا گۆڕی، ئەوەش وایکرد بەرپرسانی بزووتنەوەکە بچنە تورکیا.
بەڵام بەگوتەی بەرپرسێک کە قسەی بۆ رۆیتەرز کردووە، "دوو هەفتە دوای ئەوە، ئیدارەی بایدن و حکومەتی ئیسرائیل داوایان لە قەتەر کرد، داوا لە سەرکردەکانی حەماس بکات بگەڕێنەوە قەتەر،" چونکە واشنتن پێیوابوو ئەگەر سەرکردەکانی حەماس لە تورکیا بن، دانوستاندنەکان کاریگەر نابن.
قەتەر کە لە لایەن واشنتنەوە بە "هاوپەیمانێکی سەرەکیی" ناتۆ دانراوە، لە ساڵی 2012ـەوە دوای رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا، رێگەی بە هەبوونی نووسینگەی حەماس داوە.
دیار نییە چەند بەرپرسی حەماس لە دەوحەن، بەڵام ژمارەیەک کەسیان لەنێودایە کە بە جێگرەوەی چاوەڕوانکراوی یەحیا سنوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس کە مانگی رابردوو لە غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا، دادەنرێت.
یەکێک لەو سەرکردانەی لە دەوحەیە، خەلیل حەییەیە کە لە گفتوگۆکاندا سەرکردایەتیی شاندی حەماسی کردووە.
ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی حەماس، تەمووزی ئەمساڵ لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا، کە پێش ئەوە لە دەوحە بوو. مانگی ئاب، تەرمەکەی گەڕێنرایەوە قەتەر و لەوێ بەخاکسپێردرا.
قەتەر، لەگەڵ ئەمریکا و میسر رۆڵی سەرەکییان لە هەوڵەکانی ئاگربەستدا بینی بۆ ئەوەی جەنگی غەززە بووەستێنرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هەوڵەکان بەرهەمیان نەبووە.
دوایین گەڕی دانوستاندنەکان نێوەڕاستی تشرینی یەکەم بوو، بەڵام شکستیهێنا.
ئەنساری دەڵێت: "10 رۆژ لەمەوبەر، لە ماوەی دوایین هەوڵی ئاگربەست، قەتەر لایەنەکانی ئاگادارکردەوە هەوڵەکانی بۆ نێوەندگیریکردن لە نێوان حەماس و ئیسرائیل دەوەستێنێت ئەگەر لەو گەڕەی گفتوگۆدا نەگەنە رێککەوتن."
بەڵام ئەنساری روونیدەکاتەوە کە "کاتێک لایەنەکان ویست و جیدیبوونی خۆیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگە دڕندانەکە نیشاندەدەن قەتەر دەست بەو هەوڵانەی دەکاتەوە."