بە فەرمانی راستەوخۆی بایدن، ئەمریکا بنکەیەکی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانی لە سووریا کردە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
بە فەرمانی راستەوخۆی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا بە دوو فڕۆکەی جۆری F15 هێرشی کردە سەر بنکەیەکی گرووپە چەکدارەکان لە سووریا، وەزارەتی بەرگری ئەمریکاش دەڵێت، ئەم هێرشە لە وەڵامی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.
لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکیدا رۆژی چوارشەممە (بەکاتی ئەمریکا) رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆکی ئەمریکا، بنکەیەکی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای پاسدارانیان کردووەتە ئامانج.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە ''ئەم هێرشە بە دوو فڕۆکەی F15 بۆ سەر کۆگایەکی چەک وەک رێکارێکی بەرگری لەخۆکردن ئەنجامدراوە.''
هەروەها دەڵێت، ئەم هێرشە ''وەڵامێکە بۆ ئەو هێرشانەی کە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراق و سووریا بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا کراون.''
لە راگەیێندراوەکەدا وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەشڵێت، هیچ شتێک هێندەی سەلامەتی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەرۆکی ئەمریکا گرنگ نییە و فەرمانەکەی ئەمڕۆشی بۆ ئەم هێرشە، پەیامێکی روونە کە ''ئەمریکا پارێزگاری لە خۆی، هێزەکانی و هەروەها بەرژەوەندییەکانی دەکات.''
هەروەها دەشڵێت، ئەمریکا بەتەواوەتی ئامادەیە بۆ گرتنەبەری هەنگاوی دیکە و پێویست بۆ بەرگریکردن لە هێز و بنکەکانی.
هاوکات داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات و دووپاتیشی دەکاتەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە ئەرکی خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا بەردەوام دەبن.
ئەمە دووەمین هێرشی ئەمریکایە بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، 26ـی ئۆکتۆبەریش لە وەڵامی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، هێزەکانی ئەمریکا دوو کۆگەی تایبەتی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانیان لە سەر سنووری عێراق – سووریا لە ئەبوکەمال کردنە ئامانج.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا؛ لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، 41 هێرش لە عێراق و سووریا کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا.
ئەمریکا 900 سەربازی لە سووریا و 2500 سەربازیشی لە عێراقدا هەیە، کاری ئەو سەربازانە راوێژ و هاوکاریکردنی هێزە لۆکاڵییەکانە وەکو هێزی بەرگری عێراق، پێشمەرگە و هەروەها هەسەدە لە سووریا، بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکی، مانەوەی هێزەکانیان لەو دوو وڵاتە بۆ رێگریکردنە لە سەرهەڵدانەوەی داعش.
ئەمریکا کەشتی جەنگی و فرۆکەی شەڕکەری لە رۆژهەڵات ناوەڕاست زیادکردووە و لە ئامادەباشیدان، لەنێویاندا دوو کەشتی گەورەی فرۆکەهەڵگر کە بەگوتەی بەرپرسانی ئەمریکی، بۆ مەبەستی رێگریکردنە لە هەر پەرچەکردارێکی گرووپە شیعییەکانی نزیک لە ئێران.
هاوکات ئەمریکا بە هەزاران سەربازیشی لە ناوچەکە زیادکردووە.
میدیای رۆژئاوا دەڵێت ئەمریکا رێوشوێنی نوێی بۆ پارێزگاریی لە هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرتووەتەبەر و ئەو بژارەیەشی بە کراوەیی هێشتووەتەوە، خێزانی ئەو راوێژکارە سەربازیانە بگوازێتەوە ئەگەر ژیانیان کەوتە مەترسییەوە.