لێدوانی وەزارەتی دەرەوەی چین بۆ رووداو لەبارەی هێرشەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، چین دژی بەکارهێنانی هێزە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، وڵاتەکەیان ئامادەیە لەگەڵ سووریا کاربکات بۆ بەهێزکردنی متمانەی هاوبەش و زیادبوونی هاوئاهەنگی لە بوارە جیاوازەکاندا.
رۆژی دووشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2023، ماونینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چین لەگەڵ سووریا پەیوەندیی دیپلۆماسی لەمێژینەیان هەیە کە بۆ 67 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، سەرۆکی سووریا، بەشار ئەسەد، سەردانی چینی کردووە و لەگەڵ سەرۆک شی جین پینگ، کۆبووەتەوە و ئەو بابەتانەیان تاوتوێ کردووە کە جێی نیگەرانی هەردوو لایان بوون.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی رۆژئاوای کوردستان گوتی، "ئێمە دژی بەکارهێنانی هێزین لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێز لە سەروەری، و یەک پارچەیی خاکی سوریا بگرن."
رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2023، "دوو گەریلای پەکەکە" هێرشێکی خۆکوژییان کردە سەر بارەگای سەرەکیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا و دواتر سوپای تورکیا دەستی بە بۆردوومانی چڕی باشوور و رۆژئاوای کوردستان کرد.
پاش هێرشەکەی سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا، حکومەتی تورکیا، رایگەیاند، هێرشەکانیان بۆ سەر بارەگاکانی "پەکەکە و یەپەگە" لە باکوری عێراق و سووریا چڕتر دەکەنەوە و "تیرۆریستان" دەکەنە ئامانج.
ماونینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، لەبارەی پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان رایگەیاند، عێراق و چین هاوبەشێکی ستراتیژییان هەیە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ساڵی 2019 سەردانی چینی کرد و لەگەڵ سەرۆک شی جین پینگ کۆبووەوە هەروەها لە لووتکەی چینی - عەرەبیدا سەرۆکی وڵاتەکە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی پەریوەندییەکانی هەردوو وڵاتییان لەرێگەی لێک تێگەیشتنە هاوبەشەکانیان زیاتر بەرەو پێش برد.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی هەرێمی کوردستان، ماونینگ، گوتی، چین ئامادەیە لێک تێگەشتن لەگەڵ حکومەتی ناوەند و حکومەتەکانی دیکە لە عێراق لەسەر بابەتە نوێیەکان بکات بۆ ئەوەی هاوبەشی ستراتیژی نێوان هەردوولا بەهێزتر ببێت.
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین:
رووداو: سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە بەڕێز گوتەبێژ، من مەهدی فەرەج لە تۆڕی میدیایی رووداو. دوو پرسیارم هەیە. پرسیاری یەکەم، ئێستا پەیوەندیتان لەگەڵ هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان چۆنە و بۆچی لەم ساڵانەی دواییدا سەرۆکوەزیرانی عێراق یان سەرکردەیەکی کورد لە پەکین نەبینراون؟
ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین: یەکەم، لەبارەی پەیوەندییەکانی چین و عێراق. چین و عێراق هاوبەشییەکی ستراتیژییان هەیە. له ساڵانی رابردوو هەردوولا پەیوەندییەکی نزیکیان هەبووە، بەشێوەیەکی گشتی پێشکەوتنی ئەرێنییمان بەدەستهێناوە. لە ساڵی 2019ـدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق عادل عەبدولمهەهدی سەردانی چینی کرد. لە کانوونی یەکەمی پاریش، سەرۆک شی جین پینگ لە یەکەمین لووتکەی چینی-عەرەبی دا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق سوودانی کۆبووەوە، ئەمەش وایکرد لێکتێگەیشتنی نوێی و گرنگ لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دروستبێت، پەیوەندیەکانمان چوونەتە پێشەوە.
چین ئامادەیە بۆ لێکتێگەشتن لەگەڵ حکومەتی ناوەند و حکومەتەکانی دیکە لە هەموو ئاستێک لە عێراق لەسەر بابەتە نوێیەکان بۆ ئەوەی هاوبەشی ستراتیژی نێوان هەردوولا بەهێزتر بکات.
رووداو: چین کاراکتەرێکی گرنگە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەتوانێت رۆڵی گەورە بگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە، بەو پێیەی پەیوەندییەکی بەهێزتان لەگەڵ سووریا هەیە و لەم دواییانەدا میوانداری سەرۆکی سووریا، بەشار ئەسەدتان کردووە، چۆن دەتوانن هاوکار بن بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سووریا لە چوارچێوەی سەروەریی سووریادا؟
ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین: چین و سووریا دۆستایەتییەکی لە مێژینەیان هەیە. لەوکاتەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانمان دەستپێکردوون؛ نزیکەی 67 ساڵ لەمەوبەر، پەیوەندییەکان بە شێوەیەکی سەقامگیر و بەردەوام گەشەیان کردووە. سەرۆکی سووریا، بەشار بەمەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی ئاهەنگی دەستپێکی پاڵەوانێتی یارییەکانی ئاسیا سەردانی هانگژۆی کرد. سەرۆک شی جین پینگ لەگەڵی کۆبووەوە و پرسە گرنگەکان کە مایەی نیگەرانی هەردوولایان بوون تاوتوێ کران. هەردوو سەرۆکی دەوڵەت هاوبەشییەکی ستراتیژییان راگەیاند. چین ئامادەیە لەگەڵ سووریا کاربکات بۆ پتەوکردنی متمانەی هاوبەش، هەروەها هاوئاهنگی لە هەموو بوارەکاندا. بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان چین و سووریا بگەنە بەرزترین ئاست.
رووداو: پرسیارێکی دیکەم سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیایە لە رۆژهەڵاتی سووریا، لەو ناوچەیەی کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتە، ئەمڕۆ کە دەبێتە 6 رۆژ. هەڵوێستی چین لەم بارەیەوە چییە؟
ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین: چین هەمیشە دژی بەکارهێنانی هێزە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا بگرن. سوپاس.