فەرەنسا و بەریتانیا داوای وەستاندنی جەنگی غەززە دەکەن؛ 'پێویستە هەر ئێستا بوەستێت'
رووداو دیجیتاڵ
فەرەنسا و بەریتانیا داوای وەستاندنی جەنگی غەززە دەکەن. سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت، "پێویستە جەنگەکە بوەستێت."
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا دەڵێت، "پێویستە جەنگی غەززە بوەستێت. پێویستە ئەمە بۆ هەموو لایەک روون بێت."
ماکرۆن دەڵێت، وەستانی جەنگ "بۆ خەڵکی غەززە، بۆ بارمتەکان و ئاساییشی ناوچەکەش گرنگە."
سەرۆککۆماری فەرەنسا پشتیوانیی خۆیشی بۆ هەوڵە نێوەندگیرییەکانی ئەمریکا، میسر و قەتەر نیشاندا کە هەوڵی رازیکردنی ئیسرائیل و حەماس بۆ راگەیاندنی ئاگربەست دەدەن.
هاوکات دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا داوای کرد "بەپەلە" حەماس و ئیسرائیل لەسەر ئاگربەست رێکبکەون.
رۆژی پێنجشەممە ئەمریکا، قەتەر و میسر لە راگەیێندراوێکدا داوای دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ئاگربەستیان کرد کە لەدوای کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران وەستان.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت، "بەریتانیا پێشوازی لە هەوڵە کۆڵنەدەرەکانی هاوبەشانمان لە قەتەر، میسر و ئەمریکا دەکات"؛ هەروەها باسی لەوە کرد، لەندەن "پشتیوانیی تەواو لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەیان دەکات کە داوای دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی گفتوگۆی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکانیان لەنێوان ئیسرائیل و حەماس دەکات."
لامی دەڵێت، "ناکرێت چیدیکە دوابخرێت؛ پێویستە هەر ئێستا جەنگ بوەستێت"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "پێویستە گەیاندنی بەپەلەی یارمەتییەکان بە کەرتی غەززە ببینین."
درەنگانی شەوی پێنجشەممە ئیسرائیل رایگەیاند، لەسەر داواکاریی سێ وڵاتە نێوەندگیرەکە رازیبووە لە 15ی ئاب دەست بە دانوستاندن بکاتەوە.