ئەمریکا باری نائاسایی تایبەت بە سووریای بۆ ماوەی ساڵێک درێژکردەوە


رووداو دیجیتاڵ

کۆشکی سپی بڕیاری باری نائاسایی تایبەت بە سووریای بۆ ساڵێکی دیکە درێژکردەوە و دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکە سەیری ئەو گۆڕانکارییانە لە سیاسەت و هەنگاوەکانی دیمەشق دەکات تاوەکو بڕیار لەوە بدات لە داهاتوودا بڕیارەکە بەردەوامبێت یان کۆتایی پێبهێندرێت.
 
رۆژی 8ـی ئایاری 2024، کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا داوای لە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا کرد "توندوتیژییەکانی بەرامبەر گەلەکەی رابگرێت" و داوای ئاگربەستی سەرانسەریی -ش لە سووریا دەکات.
 
لە راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە: "کردارەکانی رژێمی سووریا و سیاسەتەکانی، لەنێویاندا بابەتەکانی پەیوەست بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و پاڵپشتیکردنی تیرۆر بەردەوامن لەوەی هەڕەشەیەکی نایاسایی بخەنە سەر ئاسایشی نیشتمانی، سیاسەتی دەرەوە و ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا".
 
کۆشکی سپی رایگەیاندووە، بەردەوام دەبن لەوەی لە نزیکەوە چاودێریی کار و سیاسەتی حکومەتی سووریا بکەن. بەگوێرەی ئەو سیاسەتەی کە حکومەتی سووریاش دەیگرێتە بەر، بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی باری نائاسایی دەدەن.
 
بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، لەگەڵ سیاسەتەکانی حکومەتی ئێستای سووریا نین و بەردەوام دەبن لە تووندکردنی سزاکانی سەر دیمەشق، ئەوە سەرەڕای ئەوەی چەندین وڵاتی عەرەبی تاوەکو ئێستا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا ئاسایی کردووەتەوە.
 
قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد و لەو کاتەوە زیاتر لە 500 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە؛ قەیرانەکە بووەتە هۆی ئاوارە و دەربەدەربوونی ملیۆنان کەسی دیکە.
 
بەگوێرەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022، پێنج ملیۆن و 600 هەزار هاووڵاتیی سووریایی پەنابەر بوون.