بەهۆی فڕێدانە خوارەوەی هاوکارییە مرۆییەکان لە غەززە، پێنج کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
ئەو کاتانەی هاوکارییە مرۆییەکان لەلایەن ئەمریکا و بەشێکی هاوپەیمانەکانی لە ئاسمانەوە بەردەدرێنەوە خوارەوە بۆ هاووڵاتییانی کەرتی غەززە، دیوێکی دیکەی دیمەنی تراژیدیی جەنگە، بەڵام لەمە خراپتریش روویدا کاتێک بەهۆی رووداوێکی پەیوەست بە پەڕەشووت، پێنج کەس گیانیان لەدەستدا.
بەرگریی شارستانی غەززە رایگەیاند رۆژی هەینی (8-3-2024) پاکێجێکی هاوکارییەکان پەڕەشووتەکەی نەتەقیوە و بە سەر یەکێک لە ماڵەکانی غەززەدا بەربووەتەوە، بەو هۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە.
مەحممود باسل، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی غەززە لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند "ئەوەی روویداوە، تراژیدیایەکە و هاتووەتە سەر تراژیدیایەکی دیکە، کە خەڵکی غەززە لەو شەڕە خوێناوییەدا ئەزموونیان کردووە. فڕۆکەیەکی مەدەنی، هاوکارییە مرۆییەکانی خستووەتە خوارەوە بۆ باکووری غەززە، بەڵام بەداخەوە کەوتوونەتە سەر هاووڵاتییانی سیڤیل."
تاوەکو ئێستا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی نزیکەی 45 هەزار ژەم خۆراکیان لە ئاسمانەوە بەرداوەتەوە بۆ هاووڵاتییانی غەززە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتاری ساڵانەیدا لە کۆنگرێس، رایگەیاند، بەندەرێکی کاتی لە غەززە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان دەکاتەوە. ئەوەش دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی پارتەکەی، لایەنگرانی لە هاوکارییە بەردەوامەکانی ئیدارەی بایدن بۆ ئیسرائیل نیگەرانییان پیشاندا.
بەگوتەی بەرپرسانی ئەمریکا، بەندەرەکە دەتوانێت یارمەتیدەرێکی باشی کەمکردنەوەی ئەو نەهامەتییە مرۆییەی هاووڵاتییانی غەززە بێت و لەوێوە دەتواندرێت رۆژانە دوو ملیۆن ژەم خۆراک بۆ هاووڵاتییانی کەرتەکە ئامادە بکرێت.
پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند "ئێمە، پێشبینی دەکەین کە دەبێت زیاتر لە هەزار سەربازی هێزەکانی ئەمریکا بەشداری لە دروستکردنی ئەو سەکۆیەدا بکەن. سەبارەت بە کاتەکەشی، پێموایە چەندین هەفتەی پێویست دەبێت و لەوانەیە بگاتە 60 رۆژ بۆ ئەوەی سەربازەکان بنێرین و ئەو سەکۆیە دروست بکەین."
زیاتر لە پێنج مانگە جەنگی غەززە بەردەوامە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری داوە لەوەی دەبێت بەپەلە هاوکاری مرۆیی زیاتر بگەیێندرێتە کەرتەکە. هەوڵەکانیش بۆ گەیشت بە ئاگربەست بەردەوامن، بەڵام تاوەکو ئێستا بەرەوپێشچوونێکی ئەوتۆ رووینەداوە.