نێچیرڤان بارزانی و محەممەد بن زاید پرسەکانی جێگەی بایەخی هەردوولایان تاوتوێکرد


رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتنامەیەکی فەرمی کە لەلایەن محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیماراتەوە پێشکێشی کرابوو، سەردانی ئەو وڵاتەی کرد. لە سەردانەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە و ژمارەیەک پرس کە جێگەی بایەخی هەردوولان تاوتوێکران.
 
رۆژی پێنجشەممە، 9-3-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە ئەبوزەبیی پایتەختی ئیمارات و لەلایەن سانی بن ئەحمەد زەیودی، وەزیری دەوڵەتی ئیمارات بۆ بازرگانیی دەرەوە و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێکرا.
 
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و محەممەد بن زاید ئال نەهیان 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی نیشتمانیی ئەبوزەبی کە تایبەتە بە سەرۆکایەتیی وڵاتەکە لەگەڵ محەممەد بن زاید ئال نەهیان کۆبووەوە. ئەو پرسانەی لە کۆبوونەوەکەدا باسکران بریتی بوون لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئیمارات، بوارەکانی هاوکاریی هاوبەش، دۆخی عێراق، ئاسایش، وزە و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و چەند پرسێکی دیکەی جێگەی بایەخی هاوبەش.
 
دوای کۆبوونەوەکە؛ نێچیرڤان بارزانی لە تویتەر لەبارەی سەردانەکەیەوە بۆ ئیمارات نووسی، "دڵخۆشبووم بە بینینی برای ئازیزم، بەڕێز شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات."

 

 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "گفتوگۆمان لەبارەی پەیوەندیی دوو قۆڵی نێوان عێراق، بەتایبەت هەرێمی کوردستان و ئیمارات کرد." ئاماژە بەوەش دەکات کە گفتوگۆیان لەبارەی بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئیمارات کردووە؛ هەروەک لەبارەی ژمارەیەک بابەت کە جێگەی نیگەرانیی هەردوولایانە قسەیان کردووە.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەو بارەوە دەڵێت، "په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و به‌تايبه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئيمارات، دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا، بواره‌كانى هاريكاريى هاوبه‌ش و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌" گرنگترین بابەتی کۆبوونەوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئیمارات بوون.
 
"دیدارێکی دۆستانە و برایانە"
 
فراوانکردنی پەیوەندیی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون. ئەوە جگە لەوەی هەردوو سەرۆک بیروڕایان لەبارەی چۆنێتیی "رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر" و ئەو مەترسییانەی دەکەونە سەر سەقامگیریی ناوچەکە، گۆڕییەوە.

 

 
فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە لەوبارەوە قسەی بۆ سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو کرد بۆ ئیمارات کرد و گوتی، پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و ئیمارات پەیوەندییەکی کۆنە و پێشتریش هەردوو سەرۆک کۆبوونەتەوە. گوتی: "دیدارێکی زۆر دۆستانە و زۆر برایانە بوو. گفتوگۆیەکی بنیاتنەر کرا."
 
فەلاح مستەفا ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێک لە مژاری گفتوگۆکان دۆخی نێوخۆی عێراق بوو. گوتیشی، "سەرۆکی ئیمارات زۆر پەرۆشە بۆ دۆخی عێراق بە گشتی و لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش بایەخ بە پەیوەندیی هاوشێوە دەدات."
 
یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە لەبارەی ئەو بابەتانەی لە نێوان هەردوو سەرۆک تاوتوێ کران، گوتی، پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات، پەیوەندیی هەولێر و بەغدا لەگەڵ یەکدی و لەگەڵ دەرەوە، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و گۆڕانکاری کەشوهەوا بوون.
 
هاوکات دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە یەکێک لە ئەندامانی شاندی هەرێمی کوردستان بوو بۆ ئیمارات بە رووداوی گوت، مەبەست لە سەردانەکە پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان دەوڵەتی ئیمارات و هەرێمی کوردستانە.
 
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئیمارات "پەیوەندییەکی تایبەتی بەهێزیان هەیە کە ئەمە رەنگدانەوەی لەسەر باشترکردن و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، بە تایبەتی کە دەوڵەتی ئیمارات دەوڵەتێکی کاریگەرە لە ناوچەکەدا و ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشە. هەروەها ئەو پەیوەندییە کاریگەری لە هەموو روویەکەوە لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکە هەیە. ئەو هاوکاری و پەیوەندییە بەردەوامەش بێگومان بۆ هەرێمی کوردستان کاریگەریی خۆی هەیە."
 
پێگەی ئیمارات لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
 
ئیمارات لە حەوت میرنشین پێکدێت کە بریتین لە ئەبوزەبی، عەجمە، دوبەی، فوجەیرە، رەئس خەیمە، شەرجە، ئوم قیوین کە لە 2ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 1971 یەکیانگرت و شانشینی یەکگرتووی عەرەبییان پێکهێنا. هەریەک لە میرنشینەکان میری خۆیان هەیە و بەیەکەوە ئەنجوومەنی باڵای فیدراڵی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵات پێکدەهێنن. 
 
10٪ـی یەدەگی نەوت و 20٪ـی یەدەگی گازی سرووشتیی تەواوی زەوی لە ئیماراتە. ئەو وڵاتە پێنجەم گەورەترین هەناردەکاری نەوتە و لە هەناردەکردنی گازی سرووشتیشدا ریزبەندی 25ـەم وڵات دەگرێت.
 
ئابووریی ئیمارات بە یەکێک لە بەهێزترین ئابوورییەکانی جیهان دادەنرێت. بە گوێرەی حکومەتی ئیمارات، لە 2022دا رێژەی بەرزبوونەوەی کۆی داهاتی نێوخۆی ئیمارات بە 7.6٪ مەزەندە کراوە.
 
ژمارەی دانیشتووانی ئیمارات نۆ ملیۆن و 365 هەزار کەسە کە نزیکەی 11٪یان دانیشتووی رەسەنی وڵاتەکەن و ئەوانی دیکە پێکهاتوون لە هیندستانی، میسری، بەنگلادیشی، پاکستانی، فلیپینی و هاووڵاتی دیکەی بیانی.
 
ئیمارات یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهانە و زۆربەی دانیشتووانەکەی بە دەوڵەمەند هەژمار دەکرێن. داهاتی ساڵانەی هەر تاکێک لە ئیمارات نزیکەی 70 هەزار دۆلارە.

 

 
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات
 
ئیمارات پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و لە ساڵی 2012 کۆنسوڵخانەی گشتی لە هەولێر کردەوە؛ هەروەها لە رووی بازرگانییەوە لە دوای تورکیا، ئێران و چین بە چوارەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دادەنرێت.
 
ئەحمەد زاهری، کۆنسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رۆژی سێشەممە گوتی، "150 کۆمپانیاى ئیماراتى لە هەرێمى کوردستان هەن". باسی لەوەش کرد، ئیمارات هەوڵدەدات هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات لە فرەڕەنگکردنی ئابوورییەکەی.
 
ئیمارات ساڵانە بە بڕی لانیکەم یەک ملیار دۆلار هەناردەی کاڵا و شمەک بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و بە گوێرەی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیا ئیماراتییەکان بە بڕی 2.57 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە کەرتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە.
 
هەروەها کۆمپانیا ئیماراتییەکان رۆڵی باڵایان لە وەبەرهێنان لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستاندا هەیە. کۆمپانیای وزەی نیشتمانیی ئیمارات لە کێلگەی ئەترووش رۆژانە نزیکەی 40 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمد‌ەهێنێت و کۆمپانیای دانەگاز رۆژانە 500 ملیۆن پێی سێجا گاز لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنێت.
 
هەرێمی کوردستانیش دەستی بە هەناردەکردنی پێداویستیی خۆراک بۆ ئیمارات کردووە. یەکەم جاریش لە هەناردەی هەنارەوە دەستیپێکرد کە یەکەم کاروانی ئەو بەرهەمە ساڵی رابردوو هەناردەی ئەو وڵاتە کرا.
 
ئێستا ئیمارات دەستی بە جێبەجێکردنی پلانێک لە بواری وەبەرهێنانی کشتوکاڵ لە رێگەی یەکێک لە کۆمپانیا گەورەکانی وڵاتەکەیەوە لە زاخۆ کردووە. ئەو پرۆژەیەش هاریکاریی کەرتی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان دەکات و ئاسانکاریی زیاتر بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی خۆراکی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات و وڵاتانی دەرەوەش دەکات.