پێنتاگۆن: لە 17ی تشرینی یەکەمەوە 78 هێرش کراونەتە سەر هێزەکانمان لە عێراق و سووریا
رووداو دیجیتاڵ
جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن دەڵێت، لە 17ی تشرینی یەکەمەوە 78 هێرش بە درۆن و مووشەک کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.
سابرینا سینگ ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا باسی لەوە کرد، کە لە ماوەی 24 کاژێردا، هیچ هێرشێک لە عێراق و سووریا نەکراونەتە سەر هێزەکانیان.
رۆژی یەکشەممە، 3ی کانوونی یەکەم، ئەمریکا بە درۆن هێرشی کردە سەر پێگەیەکی هەڵدانی درۆنی بۆمبڕێژکراو و لە ئەنجامدا پێنج چەکدرای ئەو گرووپەی کوشت کە خۆی بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبات.
لەو کاتەوەی لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، جەنگ لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا لە کەرتی غەززە دەستیپێکردووە، شەپۆلێک لە گرژی ناوچەکەی گرتووەتەوە، لەنێویدا هێرشی گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، (هەوڵی) هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر ئیسرائیل و کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور کە پێیان وایە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە.
گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتیی خۆی لە زۆربەی ئەو هێرشانە دەربڕیوە کە کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان.
لە بەرامبەر ئەوەدا، ئەمریکا مانگی رابردوو چەند هێرشێکی کوشندەی کردە سەر گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق.
هەروەها لە تشرینی یەکەمدا ئەمریکا لە سووریاش هێرشی کردە سەر گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران.
هێرشەکانی دژی سەربازانی ئەمریکی لە ماوەی ئاگربەستێکی حەوت رۆژیی لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەوە، بەڵام کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکە لە رۆژی هەینی 1ی کانوونی یەکەمەوە مەترسیی هەڵچوونی گرژییەکانی لە ناوچەکە زیادکردووە.
بزووتنەوەی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەم هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی نزیک کەرتی غەززە. بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، لەو رۆژەدا هەزار و 200 کەس کوژران کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون؛ هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی و بیانی لە لایەن حەماس و جیهادی ئیسلامییەوە بە بارمتە گیران.
لە تۆڵەی ئەوەدا، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانی چڕ و دواتریش هێرشی زەوینی بۆ سەر کەرتی غەززە کرد. بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە، تاوەکو ئێستا 17 هەزار و 177 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون کە لانیکەم 7 هەزار و 112یان منداڵ و 4 هەزار و 800یان ژنن، ئەمە وێڕای برینداربوونی سەرووی 46 هەزار کەسی دیکە کە 70٪یان منداڵن، بێسەروشوێنبوونی 7 هەزار و 600ی دیکە و ئاوارەبوونی 1.7 ملیۆنی دیکەیان.
حەماس هۆکاری هێرشەکەی گەڕاندەوە بۆ هەراسانکردن و کوشتنی هاووڵاتیانی فەلەستینی لە کەرتەکانی رۆژئاوا و غەززە، هەراسانکردنی موسڵمانان لە مزگەوتی ئەقسا لە قودس - ئۆرشەلیم و دەربەدەرکردنی فەلەستینییەکان و زەوتکردنی ماڵ و موڵکەکانیان لە لایەن جووە هاوردەکانەوە.
بە گوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، پێش شەڕەکە، لە سەرەتای ساڵی 2023 تاوەکو رۆژێک پێش هێرشەکەی حەماس، 34 فەلەستینی لە کەرتی غەززە و 199 دیکەیان لە کەرتی رۆژئاوا بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل کوژرابوون. لە هەمان ئەو ماوەیەدا چوار ئیسرائیلی بە دەستی فەلەستینییەکان کوژرابوون.
ساڵی 2022، لە کەرتی غەززە 33 کەس و لە کەرتی رۆژئاواش 154 کەس بە گوللـەی ئیسرائیلییەکان کوژرابوون، لە کاتێکدا لە ئیسرائیل چوار کەس بە دەستی فەلەستینییەکان کوژرابوون.