حیزبوڵڵا: لە 24 کاژێردا دوو جار هێرشمان کردە سەر بنکەیەکی سەربازی لە حەیفا
رووداو دیجیتاڵ
حیزبوڵڵای لوبنانی رایدەگەیێنێت، لە 24 کاژێری رابردوودا دوو جار هێرشی مووشەکییان کردووەتە سەر بنکەی سەربازیی ناڤاڵ لە شاری حەیفای ئیسرائیل.
رۆژی هەینی 8ی تشرینی دووەمی 2024 حیزبوڵڵای لوبنانی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بە هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکەی ئیسرائیل دا و رایگەیاند، هێرشەکە "لە وەڵامی هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی دووژمنە ئیسرائیلییەکانە."
حیزبوڵڵا دەڵێت، یەکێک لە هێرشەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی کراوە و ئەوەی دیکەشیان ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە کراوە.
هەروەها گرووپە لوبنانییەکە لە راگەیێندراوێکی دیکەی جیادا ئاماژەی بەوە کردووە، بنکەی ئاسمانیی رەمات دەیڤی ئاسمانیشیان لە باشووری رۆژهەڵاتی حەیفا بە مووشەک کردووەتە ئامانج.
لەدوای جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە، ئیسرائیل و حیزبوڵڵا ناوە ناوە هێرشیان دەکرد سەر یەکدی، بەڵام لە کۆتاییەکانی ئەیلوولی ئەم ساڵەوە شەڕەکە چووە قۆناخێکی دیکە، ئیسرائیل هێرشی زەوینیی دژ بە حیزبوڵڵا دەستپێکردووە و دەیەوێت لە سنووری باکوور دووریان بخاتەوە.
دوێنێ پێنجشەممە نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا رەتیکردەوە، بەبێ ئەوەی ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر گرووپەکە بوەستێنێت، گفتوگۆ لەسەر ئاگربەست بکەن.
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا پێشمەرجی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و دەڵێت، گفتوگۆکە ئەو کاتە دەستپێدەکات، "ئەگەر تەواوی سەروەریی لوبنان بپارێزرێت، بە هەموو بەشەکانیەوە."
هەفتەی رابردوو دەستەی پەخشی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەمریکا پێشنیازی ئاگربەستێکی 60 رۆژەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل کردووە، بەڵام پێشنیازەکە شکستیهێناوە.
بەگوێرەی پێشنیازەکە، دەبووایە حیزبوڵڵا لە سنووری باشووری لوبنان بکشێتەوە، هەردوولا هێرشەکانیان رابگرن و 10 هەزار سەربازی سوپای لوبنان بنێردرێنە سنوورەکە.
ئیسرائیل چەندین بەرپرسی باڵای بزووتنەوەکە، لەنێویاندا حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکە و هاشم سەفییەدین، شوێنگرەوەی نەسروڵڵای کوشتووە.
حیزبوڵڵاش دەڵێت، تائێستا زیاتر لە 70 سەربازی ئیسرائیلی کوشتووە.