سەرۆکی حووسییەکانی یەمەن: ترەمپ ناتوانێت کۆتایی بە جەنگی غەززە بهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حووسییەکانی یەمەن لەبارەی سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی ئەمریکادا گوتی، ئەو ناتوانێت کۆتایی بە جەنگی غەززە بهێنێت.
رۆژی پێنجشەممە، 07-11-2024 عەبدولمەلیک حووسی، سەرۆکی حووسییەکانی یەمەن لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، ترەمپ لە کۆتاییهێنانی جەنگی غەززە "شکست دەهێنێت."
حووسی هەروەها ترەمپی بە کەسێکی "لووتبەرز، خۆبەزلزان، سەرەڕۆ و ستەمکار" ناوبرد.
رۆژی 05-11-2024 لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا دۆناڵد ترەمپی کۆماری توانی بە جیاوازییەکی زۆر سەرکەوتن بەسەر کامالا هاریسی دیموکراتدا بەدەست بهێنێت و ببێتە 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا. بڕیارە رۆژی 20-01-2025 ترەمپ سوێندی یاسایی بخوات.
لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن، ترەمپ چەند جارێک بەڵێنی ئەوەی دا، ئەگەر ببێتە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا دەتوانێت لە ماوەی 48 کاژێردا جەنگی غەززە و ئۆکراینا رابگرێت.
لە چەند گوتارێکیشدا رایگەیاند: "ئەگەر من سەرۆک بوومایە، هەرگیز جەنگی غەززە و ئۆکراینا روویان نەدەدا."
لەوکاتەوەی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکردووە، حووسییەکان دەیان هێرشی مووشەکی و درۆنیان کردووەتە سەر ئامانجەکانی ئیسرائیل، ئەوە جگە لەوەی دەیان هێرشی دیکەشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان کە بە دەریای سووردا تێدەپەڕن.
گرووپە یەمەنییەکە کە لە 2014ـەوە سەنعای پایتەختیان بەدەستەوەیە، هەوڵی هێرشکردنیان بۆ نێو قووڵایی ئیسرائیلیش داوە.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 27ی ئەیلوولی 2024، حووسییەکان لە نێو خاکی یەمەنەوە، چەندین ناوچەی جیاجیای شاری تەلئەڤیڤی ئیسرائیلیان کردە ئامانج و نزیکەی 17 کەس برینداربوون.