پۆلیسێکی میسری دوو گەشتیاری ئیسرائیلی دەکوژێت
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی میدیای میسری، پۆلیسێکی ئەو وڵاتە لە شاری ئەسکەندەریە تەقەی لە گرووپێکی گەشتیارانی ئیسرائیلیی کردووە و دووانی کوشتووە. جگە لەوە، هاووڵاتیێکی میسری بەر دەستڕێژەکە کەوتووە و کوژراوە.
میدیای میسری باس لەوە دەکات، لە مەزارێک دەستڕێژی هەڕەمەکیی لە گرووپە گەشتیارە ئیسرائیلییەکە کراوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی میسر بە میدیاکانی راگەیاندووە، پۆلیسەکە دەستگیرکراوە.
ئەم رووداوە هاوکاتە لەگەڵ شەڕێکی خوێناوی لە نێوان گرووپە فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل.
لە حوزەیرانی ئەمساڵیش، پۆلیسێکی میسری "دزەیکردە نێو ئیسرائیل" و سێ پۆلیسی ئیسرائیلی لەسەر سنوور کوشت، کە دواتر خۆیشی کوژرا، ئەوە وەک گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئەوکات ئاماژەی پێکرد.
هەروەها سوپای میسر ئەوکات رایگەیاند، یەکێک لە ئەندامانی "هێزە ئەمنییەکان بەدوای قاچاخچییەکانی مادەی هۆشبەر کەوتبوو" و لە خاڵێکی پشکنینی سنووری نێوان دوو وڵاتەکە پەڕیبووەوە. بەگوێرەی گێڕانەوە میسرییەکە، دوای ئەوە "تەقە روویدا کە بووە هۆی کوژرانی سێ کەس لە لایەنی ئیسرائیلی،" و دواتریش پۆلیسە میسرییەکەش کوژرا.
دوای ئەو رووداوە، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل قسەیکرد و هەردوو لا جەختیان لە بەردەوامبوونی پەیوەندیی ئاسایی نێوانیان کردەوە.
دەزگەکانی میسر ناسنامەی ئەو پۆلیسەیان بە فەرمی رانەگەیاند، بەڵام میدیای میسری بڵاویکردەوە کە کەسەکە ناوی محەممەد سەڵاحە و تەمەنی 22 ساڵە.
میسر یەکەمین وڵاتی عەرەبی بوو کە لە ساڵی 1979 پەیمانی ئاشتیی لەگەڵ ئیسرائیل بەست. وێڕای ئەوەی کە چەندین دەیەی بەسەردا تێپەڕیوە، هێشتا ژمارەیەکی زۆری میسرییەکان دژایەتیی ئەو پەیوەندییە دەکەن.
سنووری نێوان دوو وڵاتەکە بەشێوەیەکی گشتی بە ئارامی ماوەتەوە، بەڵام ناوبەناو ماددەی هۆشبەری بەنێودا دەبرێت کە سەردەکێشێت بۆ شەڕە تەقەی نێوان قاچاخچییەکان و سەربازانی ئیسرائیل.