سوپای ئیسرائیل: شەڕ لە هەشت شوێن بەردەوامە
رووداو دیجیتاڵ
بە درێژایی شەو، بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوام بوو. لە دەوروبەری غەززەش، بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لە 8 شوێن شەڕ لەگەڵ چەکدارانی حەماس بەردەوامە.
وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 256 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتەکە، گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 788 کەسیش بریندارن.
بەگوێرەی وەزارەتە فەلەستینییەکە، لەنێو ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، 20ـیان منداڵن، هەروەها 121 منداڵی دیکەش برینداربوون.
وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیلیش رایگەیاند، 300 هاووڵاتیی ئیسرائیلی بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە کوژراون و هەزار و 600ـی دیکە بریندارن، کە 318ـیان برینەکانیان سەختە.
میدیای ئیسرائیلی باس لەوە دەکات، 750 هاووڵاتیی دیکەی ئیسرائیلی بێسەروشوێنن، هەروەها 50ـی دیکە لەلایەن حەماسەوە بە دیل گیراون.
حەماسیش رایگەیاند، ژمارەی دیلەکانی ئیسرائیل "زۆر لەوە زیاترە کە بیری لێدەکاتەوە."
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دەستی بە گواستنەوەی خەڵک کردووە لە ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە.
کەتائیبی قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی بەرخودانی ئیسلامی (حەماس)، بەیانیی رۆژی شەممە لە ژێر ناوی "تۆفانی ئەقسا"، دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی کرد، هەزاران مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و چەکدارەکانی دزەیان کردە نێو ئۆردوگا جوونشینەکان.
لە بەرامبەردا، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد و ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی کردنە سەر ناوچە جیاجیاکانی.