فڕۆکەیەکی جەنگیی سعودیە لەکاتی مەشق و راهێناندا کەوتەخوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەیەکی جەنگیی سعودیە لە کاتی مەشق و راهێنان تێكشکا و هەردوو فڕۆکەوانەکەی گیانیان لەدەستدا، ئەمە بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە.
رووداوەکە دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2023، لە پارێزگای زەهران لە رۆژهەڵاتی سعودیە روویداوە کە دەکەوێتە سەر کەنداوی عەرەبی.
تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاند، فڕۆکەی هێزی ئاسمانیی شاهەنە لە جۆری F-15SA کاژێر 12:50 خوولەکی دوای نیوەڕۆ بە کاتی ریاز (هەمان کاتی هەولێر) کەوتووەتە خوارە.
مالیکی ئاماژەی بەوە کردووە کە لیژنەیەکی تایبەتمەند دەستی بە لێکۆڵینوە لە هۆکاری رووداوەکە کردووە.
رووداوەکە نزیکەی پێنج مانگ دوای ئەوە دێت کە فڕۆکەیەکی هەمان جۆر لە ناوچەی خەمیس مەشیت لە باشووری سعودیە کەوتە خوارەوە، کە ئەویش هەردوو فڕۆکەوانەکانی گیانیان لەدەستدا.
بۆ ماوەی چەندین دەیەیە، ئەم فڕۆکە شەڕکەرانە بە "بناخەی" پەیوەندیی نێوان هێزی ئاسمانیی سعودیە و ئەمریکا دانراون.