ژمارەی گیانلەدەستدان لە غەززە گەیشتە سەرووی 17 هەزار کەس
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل، لانیکەم 17 هەزار و 177 کەس گیانیان لەدەتداوە.
هەروەها بە گوێرەی وەزارەتەکە، تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا، 350 کەس بەهۆی بۆردوومانی چڕی ئیسرائیلەوە کوژراون و 900 برینداریش گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکان.
رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتیش دەڵێت، ژمارەکان رەنگدانەوەی ئەو "کارەساتە" گەورەیەن کە خەڵکی غەززە پێیدا تێپەڕدەبن.
رێکخراوە مرۆییەکە دەشڵێت، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوەی لە غەززە روودەدات "لە توانای هەموو رێکخراوێک بەدەرە."
وەزارەتی تەندروستیی غەززە باس لەوە دەکات کە بەهۆی بۆردوومانی بەردەوام، ناتوانن ژمارەی کوژراو و برینداران بە وردی تۆمار بکەن.
وەک وەزارەتەکە ئاماژەی پێدەکات "ئەوانەی لە دەروازەی رەفەحەوە گوێزراونەتە دەرەوە، کەمتر لە 1٪ی برینداران پێکدێنن."
هەروەها باس لەوە دەکات کە رێژەی وەرگرتنی نەخۆش توانستی نەخۆشخانەکانی تێپەڕاندنووە و گەیشتووەتە 206٪.
بە گوێرەی وەزارەتەکە، ئیسرائیل "بە مەبەست ئەمبوڵانس و تیمەکانی بەرگریی شارستانی بۆردوومان دەکات،" هەروەها لە کارپێکردنی نەخۆشخانەی شیفا رووبەڕووی زەحمەتی دەبنەوە و پێویستیان بە یارمەتیی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە. نەخۆشخانەی مەعمەدانیش "شوێنی تێدا نەماوە و توانای دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی لەدەستداوە."