هەزاران کورد بەهۆی جەنگی لوبنانەوە ئاوارە دەبن
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی جەنگ و ئاڵۆزییەکانی لوبنان هەزاران هاونیشتمانی کە پێشتر لە رۆژئاوای کوردستانەوە ئاوارەی لوبنان ببوون، جارێکی دیکە لەو وڵاتە ئاوارە دەبنەوە.
نیهاد حەسەن، قەشەی کەنیسەی کوردان لە لوبنان کە خۆی خەڵکی عەفرینە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ دەڵێت: "خەڵکی عەفرینم و 14 ساڵە لە لوبنان ئاوارەم، بەهۆی دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستانەوە هەزاران هاونیشتمانیی کورد لە لوبنان سەرقاڵی جووتیاری بوون."
گوتیشی: "کۆمەک و هاوکاریی بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان لە لوبنان کۆدەکەینەوە و بەپێی تۆمارەکانی کەنیسەکەیان لە سەرەتای دەستپێکردنی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ باشووری بەیروت 10 هەزار کەسیان کۆکردووەتەوە کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن و لە لوبنان ئاوارە بوونەتەوە."
"رۆژانە 20 بۆ 30 خێزانی کورد لە لوبنان ئاوارە دەبن و هیچ لایەنێک کۆمەک و هاوکارییان ناکات جگە لە کەسانی خێرخواز و کەنیسەکانی ئەورووپا و کەنەدا" نیهاد حەسەن، قەشەی کەنیسەی کوردان لە لوبنان وای گوت.
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ دا پزیشکێکی ئوسترالی کە لە هەولێر مامۆستای زانکۆیە و کریستیانە و لەسەر داواکاریی قەشەی کەنیسەی کوردان بە خۆبەخشی چووەتە لوبنان بۆ پێشکێشکردنی چارەسەری تەندروستی بە ئاوارە کوردەکان، دەڵێت: "لە هەولێر مامۆستای زانکۆی کوردستانم و بۆ کاری خۆبەخشی هاتوومەتە لوبنان."
سام کۆرتەر، پزیشکی خۆبەخش گوتیشی: "رۆژانە 20 بۆ 30 کەسی ئاوارە لە لوبنان چارەسەر دەکەین و هەر رۆژەی لە ناوچەیەکین بۆ چارەسەری تەندروستیی ئاوارەکان."
بە گوتەی کۆرتەر، زۆر پێویستیان بە دەرمان و پێداویستی پزیشکییە بۆ چارەسەری ئاوارە کوردەکانی لوبنان و داوا لە خێرخوازان و رێکخراوە مرۆییەکان دەکات بە دەرمان و پێداویستی پزیشکیی هاریکارییان بکەن.