سوپای ئیسرائیل: دەروازەی رەفەحمان کۆنترۆڵکرد

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل بەیانیی ئەمڕۆ دەروازەی رەفەحی لەنێوان کەرتی غەززە و میسر کۆنترۆڵکرد و، ئاڵای ئیسرائیلی تێدا بەرزکردەوە. 
 
سوپای ئیسرائیل بە تانکەوە چووە دەروازەکەی باشووری کەرتی غەززە و بە گوێرەی میدیای فەلەستینی، 20 پۆلیسی دەروازەکەی کوشتووە. 
 
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی غەززە رایگەیاند، بەو هۆیەوە هاتووچۆ لە دەروازەکەوە بە تەواوی راگیراوە. 
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ژمارەیەک ڤیدیۆ بڵاوکرانەوە کە ساتی گەیشتنی تانکەکانی ئیسرائیل پێشاندەدەن. 
 
سوپای ئیسرائیلیش پشتڕاستیکردەوە؛ دەروازەی رەفەحیان لە دیوی غەززەوە کۆنترۆڵکردووە. 
 
سوپاکە هەروەها رایگەیاند "دەروازەی کەرەم ئەبو سالمیش داخراوە و لە کاتی گونجانی هەلومەرجی ئەمنی، دەکرێتەوە."
 
تانکەکانی سوپای ئیسرائیل لە بەیانیی ئەمڕۆ (سێشەممە، 7-5-2024) هێرشیان کردە سەر شاری رەفەح، ئەوەش دوای ئەوەی تەلئەڤیڤ رایگەیاند، ئەو پێشنیازی ئاگربەستەی حەماس پێی رازیبووە، لە ئاستی داواکارییەکانی ئیسرائیلدا نییە. 
 
سوپای ئیسرائیل دووپاتیکردەوە؛ بەردەوام دەبن لە هێرشی سەر رەفەح، کە دەروازەکەی بە خاڵی سەرەکیی گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بە کەرتی غەززە دادەنرێت.
 
سوپای ئیسرائیل پێی وایە، رۆژهەڵاتی رەفەح شوێنێکی ستراتیجیی حەماسە. 
 
نزیکەی 1.3 ملیۆن ئاوارەی فەلەستینی لە رەفەح ماون. 
 
بە گوێرەی میدیای ئەمریکی، سوپای ئیسرائیل دەیەوێت لە دیوی غەززەوە دەروازەی رەفەح کۆنترۆڵ بکات بۆ ئەوەی چاودێریی هەموو ئەو یارمەتییانە بکات، کە بۆ غەززە دەنێردرێن. 
 
میدیاکە لە زاری سەرچاوەیەکەوە باس لەوە دەکات، ئیسرائیل بڕوای وایە کۆنترۆڵکردنی رەفەح وا دەکات؛ حەماس نەتوانێت چیدیکە وا پێشانبدات، کە هێشتا کۆنترۆڵی غەززەی بەدەستەوە ماوە.