ئوردن هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ نێو سووریا دەکات

 

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئوردن هۆشداری دەدات، ئەگەر حکومەتی دیمەشق گرووپە چەکدارە قاچاخچییەکانی مادەی هۆشبەر لەسەر سنوورەکانی نەوەستێنێت، ئەوا سوپای ئوردن ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ نێو سنووری سووریا ئەنجامدەدات. 
 
ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن، بە کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی راگەیاند، خەڵکێکی زۆر لە ئەنجامی ململانێی سووریا تووشی نەهامەتی بوون، لەوانەش لە ئوردن. جەختیشی کردەوە کە "هەموو شتێک، بە هێرشی سەربازیشەوە،" بۆ نەهێشتنی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ئوردن دەکەن.
 
سەفەدی گوتی: "ئێمە بە کەم سەیری هەڕەشەی بەقاچاخبردنی ماددە هۆشبەرەکان ناکەین. ئەگەر رێوشوێنی کاریگەر بۆ کۆتاییهێنان بەم هەڕەشەیە نەگیرێنەبەر، ئەوا ئێمە ئەوەی پێویست بێت دەیکەین بۆ ئەوەی رووبەڕووی ببینەوە، لەوانەش لە رێگەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە نێو سووریا بۆ کۆتاییهێنان بەم هەڕەشە لەڕادەبەر مەترسیدارە نەک تەنیا لەسەر ئوردن، بەڵکو لەسەر هەموو وڵاتانی کەنداو و وڵاتە عەرەبییەکانی دیکەی جیهان."
 
سەفەدی ئاماژەی بەوەش کرد، "سیاسەت و دۆخی نەگۆڕاوی ئێستا هیچی لێ بەرهەمنەهاتووە جگە لە کێشە، ئازار و نەهامەتیی زیاتر بۆ خەڵکی سووریا. هەڕەشەکانیش لە ناوچەکە لە زیادبووندان، لەنێویشیدا بۆ سەر ئوردن."
 
سەرەتای ئەم مانگە، وەزیرانی دەرەوەی سووریا، ئوردن، عێراق، سعودیە و میسر لە عەممان وەک هەوڵێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق، کۆبوونەوە و لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا باسیان لەوە کرد، حکومەتی بەشار ئەسەد رازیبووە کاربکات بۆ کۆتاییهێنان بە بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر سنوورەکانی سووریا لەگەڵ ئوردن و عێراق. 
 
ئەو گفتوگۆیانە دوای زیاتر لە یەک دەیە لە پەراوێزخستنی سووریا و کردنەدەرەوەی لە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی هات.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا، باسیان لە پرسی پەنابەران، ئاو و ئاسییشی سنوورەکان، لە نێویدا شەڕی دژی قاچاخچییەکانی ماددەی هۆشبەر کرد، ئەمە وەک وەزارەتی دەرەوەی ئوردن بڵاویکردبووەوە. 
 
ئوردن لەسەر سنوورەکەی، رووبەڕووی ئەو گرووپە چەکدارانە دەبێتەوە کە ماددەی هۆشبەری وەک کاپتاگۆن لە سووریاوە بە قاچاخ دەبەن. 
 
ئەو وڵاتە بووەتە بازاڕ و رێڕەوی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لە سووریاوە بۆ وڵاتە دەوڵەمەندەکانی کەنداو.