بەشێک لە دەوڵەمەندە سعودییەکان بۆ بینینی ئەکتەرەکان بە ئۆتۆمبێلی گرانبەهاوە شۆفێرییان بۆ دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە دەوڵەمەندەکانی سعودیە بۆ خۆشی و حەزی بینینی ئەکتەر و کەسایەتییە ناودارەکان، لە فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور لە سعودیە شۆفێری دەکەن. دەوڵەمەندەکان بە ئۆتۆمبێلی گرانبەها، میوانەکان لە فڕۆکەخانەوە دەبەن بۆ فێستیڤاڵەکە و بەپێچەوانەوە.
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی سعودی کە تەمەنی 40 ساڵە، چەند رۆژێکە مۆڵەتی لە کۆمپانیاکەی وەرگرتووە و تەنیا بۆ حەزی بینینی کەسایەتییە ناودارەکان و پێشاندانی میواندۆستیی سعودییەکان، بڕیاریداوە لە فێستیڤاڵەکە شۆفێری بۆ ئەکتەرەکان بکات.
 
ئیهاب فەرید، شۆفێری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور بە رووداوی گوت، "من چێژ لە کردنی ئەم کارە دەبینم، ئەوە وەک ئیش نییە بۆ من، ئەمە بۆ من حەز و خۆشییە، رۆژانە ئەم کارە دەکەم بۆ خەڵکی و خەڵکی بەناوبانگ هەروەها دەتوانم ئەزموونی لێوەربگرم، لەم فێستیڤاڵە ئەستێرەکانی میسری، ئەمریکی، بەرازیلی و ئوستراڵیم بینی، دەرهێنەرەکان لە هەموو جیهان."
 
نموونەکانی وەک ئیهاب زۆرن. سەتام کوڕێکی گەنجی 19 ساڵانی سعودییە، کاری سەرەکی ئەو ئایتییە، بەڵام ئەویش لە فێستیڤاڵەکە شۆفێرە و دەڵێت، ئەو ئەزموونە بۆ ئەو زۆر تایبەتە و دەرفەتە تاوەکو خەڵک لە نەتەوەی جیاواز بناسێ و وێنەیان لەگەڵ بگرێت.
 
سەتام جەمیل، شۆفێری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور گوتی، "وا هەستدەکەم ئەزموونێکی جوانە، ئەکتەرەکان دەبینم دڵخۆشدەبم کە ئەوان دەبینم و لە نزیکیانم، ویڵ سمیسم بینی، ئەمینە خەلیلم بینی، ئەکتەرە بەناوبانگە سعودییەکانم بینی، سوپاس بۆ خودا ئەو شتانەی پێشتر لە وڵاتانی دەرەوە دەمانبینی ئێستا لە سعودیە دەیبینم و شتێکی زۆر جوانە زۆر دڵخۆشم."
 
فێستیڤاڵەکە زیاتر لە دوو هەزار میوانی تایبەت و بانگهێشتکراوی هەیە و، زیاتر لە 10 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە.
 
هوس کان، ئەکتەری ئەمریکی باس لەوە دەکات، "شۆفێرەکان لێم دەپرسن خەڵکی کوێم و لە چ فیلمێک رۆڵم هەیە، شێوەم بە جیاواز دەبینن، زۆر لام خۆشە و شتی زۆر جوان دەبینم، خەڵکەکە زۆر میواندۆستن و قسە لەگەڵ هەر کەس دەکەی خەندە بە رووتدا دەکات."
 
کاسیا کاروان، میوانێکی کەنەدییە لە فێستیڤاڵەکە و دەڵێت، "لێرە شتەکان زۆر جوانن و خەڵک زۆر میهرەبانن و زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنمان دەکەن، هەستێکی سەیرە هەموو خەڵکی ئێرە هەرچەند دەتوانن دەیانەوێ وڵاتەیەکانمان پیشانبدەن."
 
فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور لە جەددە، لە 30ـی مانگی 11 دەستیپێکرد و 9ـی ئەم مانگە کۆتایی دێت، هەموو رۆژێکیش کۆمەڵێک ئەستێرە و میوانی تازە دەگەنە فێستیڤاڵەکە.