غەززە قورسترین شەوی لەژێر بۆردوومانی ئیسرائیلدا بەڕێکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

لە 31ـەمین رۆژی جەنگدا، ژمارەیەک فەلەستینی لە ئەنجامی بۆردوومانی چڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژران، ئەوەش تەنیا رۆژێک دوای ئەوەی ئیسرائیل لە نزیک بەندەری غەززە و کەمپی مەغازی 75 کەسی کوشت.
 
هاوکات بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، شا عەبدوڵڵای دووەمی ئوردن، پادشای ئوردن رایگەیاند، "هێزە ئاسمانییەکانمان توانییان یارمەتیی پزیشکیی بەپەلە لەڕێگەی ئاسمانییەوە بگەیێننە نەخۆشخانەی مەیدانیی ئوردنی لە غەززە."
 
شەوی رابردوو، ئیسرائیل مووشەکباران و بۆردوومانەکانی بۆ سەر غەززە بە شێوەیەکی گەورە چڕکردەوە، لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل هێڵی تەلەفۆن و ئینتەرنێتی لەسەر غەززە بڕیوە.
 
تەندروستیی غەززە دەڵێت، تاوەکو ئێستا 9770 کەس کوژراون، کە 70%یان ژن و منداڵ بوون و ئاماژە بەوەش دەکات، لە چەند کاژێری رابردوودا ئیسرائیل بە بۆردوومانەکانی لە 24 شوێن "کۆمەڵکوژیی" ئەنجامداوە و 243 کەسی کوشتووە.
 
لە هەمان کاتدا، گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین رایانگەیاند، بەردەوامن لە رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئیسرائیلییەکان لەنێو غەززە.
 
کەتائیبی قەسامی باڵی چەکداریی حەماس دیمەنی تێکشکاندنی ژمارەیەک تانک و زرێپۆشی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە، لە کاتێکدا کە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی لە 7ی تشرینی یەکەمەوە گەیشتوووەتە 345 سەرباز و 260ی دیکەش برینداربوون. ئەوانەشی لەنێو غەززەدا کوژراون، ژمارەیان گەیشتووەتە 25 سەرباز.
 
ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، هێرشی "بەرچاو" دەکاتە سەر غەززە، دوای ئەوەی کە بە جێگیرکردنی هێزە زەوینییەکانی، باکووری کەرتەکەی لە باشووری جیاکردەوە، لەکاتێکدا کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە گەشتێکی دیکەیدا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەرنجی خستە سەر هاوکارییە مرۆییەکان بۆ فەلەستینییەکان.
 
دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل "شاری غەززەیان گەمارۆ داوە. ئێستا غەززەی باشوور و غەززەی باکووری هەیە."
 
هەگاری ئاماژەی بەوەش کرد، ماوەیەکی کەم پێش هێرشەکان، هێڵەکانی ئینتەرنێت و تەلەفۆن پچڕان و هێرشەکان بە درێژایی شەو و رۆژانی داهاتوو بەردەوام دەبن.
 
ئەم قسانەی گوتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل دوای ئەوە هاتن کە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە سەردانی کەرتی رۆژئاوا و عێراقی کرد، لە سەردانەکانیدا تیشکی خستە سەر گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ هاووڵاتیانی سڤیل لە کەرتی غەززە و رێگریکردن لە هێرشی گرووپەکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە بۆ سەر سەربازانی ئەمریکا لە کاردانەوەی جەنگی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.
 
بلینکن چاوی بە مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین کەوت. عەباس هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر غەززە بە "جینۆساید" ناوبردن.
 
لەگەڵ پچڕانی پەیوەندییەکان لە غەززە بۆ جاری سێیەم، واشنتن داوای ئاگربەستی رەتکردەوە و پشتگیری لە ئامانجی ئیسرائیل کرد.
 
نیگەرانیی جیهانی لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی کوژراوانی خەڵکی سڤیلی غەززە زیاتر دەبێت، بەڵام بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دیسانەوە هەڕەشەی کرد کە "تاوەکو گەڕانەوەی بارمتەکان هیچ ئاگربەستێک نابێت."
 
سەرۆکوەزیرانی راستڕۆی ئیسرائیل دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەربازەکان لە بنکەیەکی هێزی ئاسمانیدا گوتی، "با ئەوە لە فەرهەنگەکەیان لاببەن. ئێمە ئەمە بە دۆست و بە دوژمنەکانمان دەڵێین. ئێمە بە سادەیی بەردەوام دەبین تا سەردەکەوین، هیچ ئەڵتەرناتیڤێکمان نییە."
 
سەربازە ئیسرائیلییەکان رۆژی یەکشەممە بەردەوامبوون لە شەڕی ماڵ بە ماڵ، لە کاتێکدا تانک و بولدۆزەری زرێپۆش لە گرتە ڤیدیۆییەکان کە لەلایەن سوپاوە بڵاوکراونەتەوە، بەناو خۆڵدا دەڕۆیشتن.
 
عەللا ئەبو حەسێرا، دانیشتووی شاری غەززە لە ناوچەیەکی وێرانکراو کە تەواوی گەڕەکەکە بووەتە داروپەردوو گوتی، "ئەم هێرشە ئاسمانییە وەک بوومەلەرزەیەک وان."
 
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بلینکن لە گفتوگۆکانی لەگەڵ عەباس گوتوویەتی، فەلەستینییەکان لە غەززە "نابێت بە زۆر ئاوارە بکرێن."
 
ئیسرائیل نامیلکە و کورتەنامەی بۆ هاووڵاتیانی سڤیل ناردووە و داوای لێ کردوون باکووری غەززە چۆڵبکەن و بەرەو باشوور بڕۆن، بەڵام بەرپرسێکی ئەمریکی رۆژی شەممە رایگەیاند، لانیکەم 350 هەزار کەسی سڤیل لەو ناوچەیەدا ماونەتەوە کە ئێستا شەڕی کۆڵان بە کۆڵانی تێدا دەکرێت.