ئیسرائیل: ئەگەر ئێران بیر لە هێرشکردنە سەرمان بکاتەوە وەک غەززە و بەیرووتی لێدەکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری دەداتە ئێران و دەڵێت، ئەگەر هەر هەوڵێک بۆ زیانگەیاندن بە ئیسرائیل بدات، رەنگە وەک غەززە و لوبنانی بەسەر بێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 6 تشرینی یەکەمی 2024، یۆواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هەر کەسێک پێی وایە تاکە هەوڵێک بۆ زیانگەیاندن بە ئێمە دەدات، پێویستە سەیرێکی دەستکەوتەکانمان لە غەززە و لوبنان بکات."
گاڵانت، باسی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەی کرد و هێرشەکەی بەبێ توانا ناوبرد: "ئێران دەستی بە هێزی ئاسمانیمان نەگەیشت، هیچ فڕۆکەیەک تێکنەشکا."
رۆژی 2ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئێران بە زیاتر لە 180 مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و رایگەیاند، سێ بنکەی سەربازیی ئیسرائیلیان بەئامانج گرتووە.
دوای هێرشەکە، ئێران رایگەیاند، لە تۆڵەی "شەهیدبوونی ئیسماعیل هەنییە، حەسەن نەسروڵڵا و عەباس نیلفرووشان" بوو. هەروەها گوتی ئامانجەکەیان بە سەرکەوتوویی پێکاوە.
دوای ئەوە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، زۆربەی مووشەکەکان بەرپەچدراونەتەوە و بەشێکی کەمیان بەر خاکی وڵاتەکە کەوتوون.
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، بەهۆی هێرشەکەوە، دوو کەس بە سووکی بریندار بوون.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش قەبارەی هێرشەکەی ئەم جارەی ئێرانی بە دوو بەرامبەری قەبارەی هێرشەکەی پێشوو لە رووی بەکارهێنانی مووشەکی بالیستیی مەزەندە کرد.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوای هێرشەکە رایگەیاند: "ئێران هەڵەیەکی گەورەی کرد و دەبێت باجەکەیشی بدات."
لەدوای هەڕەشەکانی ئیسرائیلیش، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "ئەگەر ئیسرائیل هەر جۆرە چالاکییەک دژی ئێران بکات، بێگومان وەڵامی دەدەینەوە و کاردانەوەی ئێمە لە هێرشی ئەوان تووندتر دەبێت."