قائانی و سەفیەدین لە کوێن؟

رووداو دیجیتاڵ

دوایین جار کە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بینرا، هەفتەی رابردوو بوو لە بەیرووت. ئێستا کە دەنگی نەماوە، گومان و لێکدانەوەی جیاجیا لەسەر چارەنووسی بڵاودەکرێنەوە. هەندێ راپۆرت دەڵێن، دەکرێت قائانی لەگەڵ شوێنگرەوەی ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا کوژرابێت. 
 
بە گوێرەی میدیای ئەمریکی و  ئیسرائیلی، هەفتەی رابردوو، قائانی لە بەیرووت بووە بۆ ئەوەی یارمەتیی حیزبوڵڵا بدات دوای ئەوەی کە ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانی سەدان ئەندامی بزووتنەوە لوبنانییەکەی کوشت. 
 
بڵاوبوونەوەی دڵەڕاوکێ لەنێو سوپای پاسداران
 
بەگوێرەی پێگەی "The Times of Israel"، بەرپرسێکی ناونەهێنراوی سوپای پاسداران نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لەوەی ئاشکرانەکردنی زانیاری لە بارەی چارەنووسی قائانی بووەتە هۆی شڵەژان و دڵەڕاوکێ لەنێو ئەندامانی سوپای پاسداراندا. بەگوێرەی راپۆرتی ئەو میدیا ئیسرائیلییە، دیارنەمانی چارەنووسی قائانی "ترسی" لەنێو سوپای پاسداراندا بڵاوکردووەتەوە، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە زیادبوونی بەردەوامدان. 
 
قائانی شوێنگرەوەی قاسم سولەیمانییە، کە ساڵی 2020 بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدای پایتەختی عێراق، بە هێرشێکی درۆنی کوژرا. 
 
سوپای ئیسرائیل رۆژی شەممە رایگەیاند، لەو کاتەوەی لە یەکی تشرینی یەکەم دەستی بە هێرشی زەوینی کردووە بۆ سەر لوبنان، زیاتر لە 400 چەکداری حیزبوڵڵای کوشتووە. 
 
هەروەها ئیسرائیل چەندین جار باشووری بەیرووتی بۆردوومان کردووە، کە بە مەڵبەندی حیزبوڵڵا دادەنرێت. یەکێک لە بۆردوومانە هەرە تۆقێنەرەکان، هەفتەی رابردوو بوو کە دەگوترێت هاشم سەفیەدین، شوێنگرەوەی چاوەڕوانکراوی حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا تێیدا کراوەتە ئامانج. 
 
دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رۆژی شەممە، رایگەیاند، ئەوان "نزیکەی 440" ئەندامی حیزبوڵڵایان کوشتووە کە "30 لەوانە فەرماندەی پلە جیاجیا بوون."
 
سەفیەدین چی بەسەر هات؟
 
رۆژی شەممە، ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، "سەرچاوەیەکی باڵای حیزبوڵڵا" پێی راگەیاندووە گوایە لە دوای هێرشە گەورەکەی بەرەبەیانی رۆژی هەینی بۆ سەر باشووری بەیرووت، پەیوەندییان بە سەفیەدینەوە پچڕاوە. 
 
بەڵام دواتر حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا گوتی "شتێک نییە بە ناوی سەرچاوەی حیزبوڵڵا و ئێمە روانگە و قسەکانمان بە راگەیێندراوی فەرمی بڵاودەکەینەوە،" راگەیێندراوەکە نە رەتیکردەوە و نە پشتڕاستیکردەوە ئایا لە دەنگوباسی سەفیەدین، دابڕاون یان نا. 
 
"بەرپرسە باڵاکە"ـی حیزبوڵڵا بە ئاژانسە هەواڵییە فەرەنسییەکەی گوتبوو: "لە دوای هێرشە ئاسمانییە چڕەکەی سەر باشووری بەیرووت، پەیوەندی لەگەڵ سەفیەدین پچڕاوە. ئێمە نازانین کە ئایا لەو شوێنە بوو کە کرایە ئامانج، یان کێ لەوێ لەگەڵیدا بووە."
 
سەرچاوەیەکی دیکەی حیزبوڵڵا بۆ هەمان ئاژانسی پشتڕاستکردبووەوە ئاگایان لە سەفیەدین نەماوە و سۆراخی نازانن. 
 
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کردبوو، حیزبوڵڵا "لە هەوڵدایە بگاتە ئەو بارەگایەی لەژێر زەویدا کرایە ئامانج، بەڵام هەموو جارێک ئیسرائیل دەست بە بۆردوومان دەکاتەوە بۆ ئەوەی رێگری لە هەوڵەکانی فریاکەوتن بکات."
 
بە گوتەی بەرپرسەکە، کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لەو شوێنەیان دا، سەفیەدین لەگەڵ "سەرۆکی هەواڵگریی حیزبوڵڵادا بووە،" کە بە حاجی مورتەزا ناسراوە. 
 
کەناڵی 12ی ئیسرائیلیش لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات؛ یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە، قائانیش لەگەڵ سەفیەدین لەو شوێنەدا بووبن، کە کرایە ئامانج و دەکرێت شتێکی بەسەر هاتبێت.