هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی: مافی ئەوەمان هەیە بەرگری لە خۆمان بکەین
رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی کراونەتە سەر "شوێنەکانی نزیک لە هێزەکانی ئەمریکا" و ئاماژە بەوەش دەکات کە "لە هەموو کاتێکدا مافی بەرگری لەخۆکردن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی سەر" هێزەکانیان بەکاردەهێنن.
لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی هەینی بڵاویکردەوە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەڵێت، "لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی ناهاوئاهەنگ لە نزیک هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا ئەنجامدراون،" ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ هێرشەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان کە بە گوێرەی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە، لە رۆژی پێنجشەممەوە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی 15 کەس کە هەشتیان خەڵکی سڤیلن.
هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکە دەشڵێت، "ئێمە دژی ئەو کارانەین کە دەبنە هەڕەشە بۆسەر سەقامگیری و ئاساییشی ناوچەکە. دژی ئەو کارانەین کە سەلامەتیی هێزەکانمان، هێزە هاوبەشەکانمان و خەڵکی سڤیل دەخەنە مەترسییەوە. دژی ئەو کارانەین کە دەبنە هۆی پەرتەوازەبوونی پابەندبوونی هاوبەشمان بە لەنێوبردنی بەردەوامی داعش".
هاوپەیمانییەکە هەروەها دەڵێت، "هەر کاتێک رووبەڕووی هەڕەشە ببینەوە و هێزەکانمان بکەونە مەترسییەوە، مافی ئەوەمان هەیە بەرگری لە خۆمان بکەین".
دوای هێرشێک بۆ سەر ئاسایشی گشتی لە ئەنقەرە، تورکیا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆسەر شەڕڤانان و ژێرخانی ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان و گەریلا لە هەرێمی کوردستان چڕکردەوە.
هێرشەکە رۆژی 1ی تشرینی یەکەم بوو، کاتێک دوو کەس لەبەردەم ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە ئەنقەرە لە ئۆتۆمبێلێک دابەزین؛ یەکێکیان خۆی تەقاندەوە و ئەوی دیکەش لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکرا و کوژرا. لە هێرشەکەدا دوو پۆلیسی تورکیا بریندار بوون.
تورکیا باس لەوە دەکات کە دوو هێرشکارەکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە چووبوونە تورکیا، بەڵام بەرپرسانی هەسەدە ئەوە رەتدەکەنەوە.
ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بە شێوەیەکی سەرەکی کێڵگە و بیرە نەوتییەکان؛ هەروەها دامەزراوەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە و بارەگا چەکدارییەکانیان دەکەنە ئامانج.
هەسەدە هاوبەشێکی سەرەکیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا؛ یەپەگەی باڵی چەکداریی پەیەدە پێکهێنەرێکی سەرەکیی هەسەدەیە.
لەدوای بەزاندنی داعش لە ساڵی 2019 لە رۆژئاوای کوردستان و بەری رۆژهەڵاتی رووباری فورات، بەردەوامیی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ هەسەدە بوونە هۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و واشنتن.
خستنەخوارەوەی درۆنەکە
ئەو ئاڵۆزییانە بە زەقی دەرکەوتن، کاتێک فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە درۆنەکەی تورکیایان لە حەسەکە خستەخوارەوە، دوای ئەوەی بە هەڕەشە بۆسەر هێزە ئەمریکییەکان دانرا.
رۆژی پێنجشەممە، پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا تێبینییان کردبوو کە بەیانیی رۆژی پێنجشەممە، درۆنەکانی تورکیا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا چەند هێرشێکیان کردووە و بەشێکیان لە سنووری "ناوچەی قەدەخەکراودا" بوون لە نزیک حەسەکە، کە نزیکەی کیلۆمەترێک لە سەربازانی ئەمریکییەوە دوور بوون.
پات رایدەر ئاماژەی بەوە کرد، چەند کاژێرێک دواتر، درۆنێکی تورکی گەڕاوەتەوە و بەرەو "ناوچە قەدەخەکراوەکە" رۆیشتووە کە نابێت فڕۆکە و درۆنی بیانی بەسەریدا بفڕن.
گوتەبێژی پێنتاگۆن باسی لەوە کرد، "بە خەمڵاندنی فەرماندە ئەمریکییەکان، ئەو درۆنە کە بۆ مەودای کەمتر لە نیو کیلۆمەتر لە هێزەکانی ئەمریکاوە نزیکبووەوە، هەڕەشەیەکی چاوەڕوانکراو بووە و لە ئەنجامدا فڕۆکە ئێف شازدە جەنگییەکان وەک خۆپارێزییەک درۆنەکەیان خستەخوارەوە."
ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا پشتیوانی لە هەسەدە دەکەن.
"گەمژەیی گەورە"
رۆژی هەینی، وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، خستنەخوارەوەی ئەو درۆنە کاریگەری لە سەر ئۆپەراسیۆنەکانیان نەبووە. هەر رۆژی فەخرەدین ئاڵتون، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا پشتیوانیی وڵاتە بیانییەکانی بۆ هەسەدە بە "گەمژەیی گەورە" ناوبرد و گوتی، "سیاسەتی هەڵەی پشتیوانیکردنتان بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان بگۆڕن."
هەر رۆژی هەینی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکنی هاوتا ئەمریکییەکەی قسەی کرد و بە گوێرەی میدیای فەرمیی تورکیا، فیدان بە بلینکنی راگەیاندووە کە "دەبێت ئەمریکا واز لە کارکردن لەگەڵ یەپەگە بهێنێت."
وەکو میدیای فەرمیی تورکیا دەڵێت، فیدان باسی پێکەوە کارکردنی سوپای ئەمریکا و تورکیای کردووە و "پێکەوە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆئەوەی میکانیزمی بەریەکنەکەوتن کاریگەرتر کار بکات."