چالاکڤانێکی ئەمریکی لە کەرتی رۆژئاوا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوە کوژرا


رووداو دیجیتاڵ 

کچە چالاکڤانێکی ئەمریکی- تورکی ئەمڕۆ هەینی، لە کاتی خۆپێشاندان دژی ئۆردووگا جوونشینە نایاساییەکان، لە کەرتی رۆژئاوا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوە کوژرا. 
 
سوپای ئیسرائیل دانی بەوە دانا کە لە خۆپێشاندانەکەی شاری بەیتا تەقەی کردووە.  
 
تورکیا رایگەیاند، ژنە کوژراوەکە ناوی ئایشەنوور ئێزگییە و سەرکۆنەی کوشتنی کرد؛ هاوکات ئەمریکا کوژرانی چالاکڤانەکەی بە رووداوێکی "تراژیدی" ناوبرد، بێ ئەوەی بەرپرسیارێتیی کوشتنی بخاتە ئەستۆی هیچ لایەنێک. 
 
بەرپرسانی تەندروستیی فەلەستین دەڵێن، هێزەکانی ئیسرائیل گوللـەیان لەسەری چالاکڤانە تەمەن 26 ساڵانەکە داوە. 
 
رووداوەکە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ئیسرائیل کۆتاییان بە ئۆپەراسیۆنێکی خوێناویی 10 رۆژە بۆ سەر کەمپی جنینی کەرتی رۆژئاوا هێنا. 
 
ئۆپەراسیۆنەکە رەخنەی لایەنە نێودەوڵەتییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا. ئەڵمانیا هۆشداری دا کە دەکرێت گرژییەکان لە کەرتی رۆژئاوا زیادبن. 
 
ئایشەنوور لە شاری بەیتا بوو بۆ ئەوەی بەشداری لە خۆپێشاندانی دژی دروستکردنی ئۆردووگای جوونشینی نایاسایی بکات. 
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات. 
 
فوائاد نافع، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رەفیدیا لە نابلس گوتی، ئایشەنوور کە گەیێندرایە نەخۆشخانە، "سەری بریندار ببوو،" پاشان رایانگەیاند کە گیانی لەدەستداوە. 
 
تورکیا رایگەیاند، ئەو چالاکڤانە لە لایەن "سەربازانی داگیرکاری ئیسرائیلییەوە کوژراوە." رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەرکۆنەی کارەکەی سوپای ئیسرائیلی کرد و بە "دڕندانە" ناوی برد. 
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "بەم لەدەستدانە تراژیدییە، خەمبارین،" گوتیشی، "وەک پێویست" هەنگاو دەنێن.
 
ئایشەنوور ئەندامی رێکخراوی "بزووتنەوەی هاوسۆزیی نێوەدەوڵەتی" بوو کە داکۆکی لە فەلەستین دەکات. 
 
نێتا گۆلان، هاودامەزرێنەری رێکخراوەکە باسی لەوە کرد، ئایشەنوور بۆ بەشداریکردن لە خۆپێشاندانی هەفتانەی دژی ئۆردووگا جوونشینە نایاساییەکان لە شاری بەیتا بوو.