چین لەبارەی گەشتکردن بۆ لوبنان هۆشداری بە هاووڵاتیانی دەدات
رووداو دیجیتاڵ
چین داوا لە هاووڵاتیانی دەکات لە کاتی گەشتکردن بۆ لوبنان "هۆشیار" بن، بەهۆی ئەو بارگرژییانەی کە لە دوای کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس تاران و فەرماندەی حیزبوڵڵا لە بەیرووت دروستبوون.
باڵیۆزخانەی چین دەڵێت، دۆخی ئەمنیی ناوچەکە تەنگژەدار و ئاڵۆزە، بۆیە پێویستە هاووڵاتیانی چینی لە کاتی گەشتکردن بۆ لوبنان هۆشیار بن.
باڵیۆزخانەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەی چین لە لوبنان وەبیری هاووڵاتیانی چینی دەهێنێتەوە کە لە نزیکەوە سەرنج بدەنە پەرەسەندنی دۆخی نێوخۆیی و لە کاتی گەشتکردن بۆ لوبنان لەم ماوەیەدا هۆشیار بن."
دوای ئەوەی کە ئیسرائیل لە 30ی تەممووز، فوئاد شوکر، کەسایەتیی دووەمی حیزبوڵڵای لە باشووری بەیرووت کوشت، گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا زیادیانکرد.
31ی تەممووز، هەنییە لە تاران کوژرا و ئیسرائیل پێی تۆمەتبارکرا.
حیزبوڵڵا و ئێران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کوشتنی هەنییە و شوکر، لە ئیسرائیل دەکەن.