دەسەڵاتی فەلەستین پاشەکەوتی 50٪ـی مووچەی فەرمانبەرانی راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ

فەلەستین دەڵێت بەهۆی خراپیی رەوشی دارایی، مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت 50٪ پاشەکەوت دەکات.
 
وەزارەتی دارایی فەلەستین رایگەیاند، "وادەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت بۆ مانگی نیسان، یەکشەممەیە [هەفتەی داهاتوو]، ئەو کەسانەی 2 هەزار شیکڵ یان زیاتر وەردەگرن، 50٪ـی مووچەکانیان دەبڕدرێت."
 
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئەو پارەیەی دەبڕدرێت، وەکو قەرز لە ئەستۆیان دەمێنێتەوە. کاتێک دۆخی داراییان باشتر بێت، دەیدەنەوە."
 
ئیسرائیل رێژەی 3٪ وەکو باج لەو کاڵایانە وەردەگرێت، کە لە رێگەیەوە هەناردەی بازاڕی فەلەستین دەکرێن. کۆنترۆڵی هەموو ئەو دەروازانەی بەدەستەوەیە، کە کەرتی رۆژئاوا بە جیهانی دەرەوە دەبەستێتەوە.
 
هەروەها ئیسرائیل داهاتەکانی فەلەستینیش کۆدەکاتەوە و بۆی دەنێرێت. لە ساڵانی رابردوودا چەند جارێک پێدانی ئەو پارەیە بە دەسەڵاتی فەلەستین دواکەوتووە و بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانێت ئەرکە داراییەکانی بەرامبەر فەرمانبەران یان کەرتی تایبەت جێبەجێ بکات.
 
بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی، قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر دەسەڵاتی فەلەستین 11 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
 
دەسەڵاتی فەلەستین دەڵێت، کۆی گشتی پارەی پاکتاو [مەقاسە]ـی کە لای ئیسرائیلە، گەیشتووەتە شەش ملیار شیکڵ، ئەوەش دەکاتە زیاد لە ملیارێک و 600 ملیۆن دۆلار.
 
بەپێی رێککەوتنی ئاشتی کە لە ساڵانی 1990ـکان بە نێوەندگیریی نەرویج لەنێوان فەلەستین و ئیسرائیل کراوە، پارە و داهاتی دەسەڵاتی فەلەستین لە لایەن ئیسرائیلەوە کۆدەکرێتەوە و پێی دەدرێت.
 
لە دوای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە، ئیسرائیل پێدانی ئەو پارەیەی بە فەلەستین راگرتووە.