نەتەوە یەکگرتووەکان: جەنگی غەززە ناپاکییە لە مرۆڤایەتی
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی باڵای کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، جەنگی غەززە، "ناپاکییە لە مرۆڤایەتی."
مارتن گریفس، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی و بەهاناوەچوون، لە راگەیێندراوێکدا داوادەکات، "پێداگریێکی بەکۆمەڵ هەبێت لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەم ناپاکییەی لە مرۆڤایەتی دەکرێت، هەستی پێبکرێت."
گریفس کە لە کۆتایی حوزەیراندا بەهۆی نەخۆشییەوە دەستبەرداری پۆستەکەی دەبێت، دەشڵێت: "هەموو رۆژێک، ئەم جەنگە قوربانیی سڤیلی زیاتری لێ دەکەوێتەوە."
بەرپرسەکەی نەتەوە یەگرتووەکان هەروەها نیگەرانیی خۆی بەرامبەر "ئەگەری قبووڵنەکراوی هەڵچوونی زیاتری گرژییەکان لە غەززە" دەربڕی و گوتی "هیچ کەس سەلامەت نابێت و هیچ شوێنێکیشیان نییە بۆی بڕۆن."
هەروەها باسی لەوە کرد، "کاری گەیاندنی یارمەتییەکان کە هەر خۆی لەرزۆکە، بەردەوام بەهۆی بۆمباران، نەبوونی ئاساییش و رێگریکردن، دەخرێتە مەترسییەوە."
گریفس گوتی: "لەم رۆژەدا، دڵم لای خێزانی ئەوانەیە کە کوژراون، بریندارن یانیش بە بارمتە گیراون."
تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، لانیکەم 33 هەزار و 137 کەس کوژراون کە زۆربەی هەرە زۆریان ژن و منداڵن.
هێرشی ئیسرائیل دوای ئەوە دەستیپێکرد کە بزووتنەوەی حەماس لە 7-10-2023دا هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، کە لەو رۆژەدا، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، لانیکەم هەزار و 170 کەس کوژران کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون.