ئیسرائیل وردەکاریی کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا ئاشکرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل وردەکاریی نوێ لەبارەی چۆنێتیی دۆزینەوە و کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری پێشووی حیزبوڵڵای لوبنانی ئاشکرادەکات.
بەگوێرەی ئەو وردەکارییانە سوپای ئیسرائیل بڕیاریداوە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن، چەند رۆژێک پێش کوشتنی، سیخوڕەکان زانیاریی وردیان لەسەر شوێن و جموجۆڵەکانی حەسەن نەسروڵڵا بە سەرکردایەتیی سوپا و حکومەتی ئیسرائیل داوە.
سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل دەڵێن، هەر لە دوای جەنگی 2006ـەوە، هەواڵگریی سوپا و مۆساد دەستیان بە چاودێریکردنی نەسروڵڵا کرد، بەڵام هیچ بڕیارێکی سیاسی بۆ کوشتنی نەدرا، بەڵکو بڕیارەکە ئەوە بوو، تەنیا دەبێت چاودێری بکرێت و نابێت لە چاوی هەواڵگریی ئیسرائیل ون بێت، تاوەکو ئەو کاتەی دەرفەتێکی گونجاو دەڕەخسێت و لێی دەدرێت.
فریودانی نەسروڵڵا
کاتێک جەنگی غەززە دەستیپێکرد و نەسروڵڵا بڕیاریدا تێیدا لەدژی ئیسرائیل بەشداربێت، دەست بە داڕشتنی نەخشەی کوشتنی کرا، بەڵام بڕیاردرا باس نەکرێت بۆ ئەوەی نەسروڵڵا وا تێبگات ئیسرائیل نایەوێت دەستی بۆ ببات و جەنگەکە فراوان بکات.
19ـی ئەیلوول، نەسروڵڵا لە شاشەکان دەرکەوتەوە و لە گوتارێکدا گوتی، تاوەکو ئیسرائیل جەنگی غەززە نەوەستێنێت، حیزبوڵڵاش دەست لە شەڕ هەڵناگرێت. لە کاردانەوەی ئەوەدا، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان تووندکردن و ژمارەیەک ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی گەورەی لەنێو لوبناندا ئەنجامدا تاوەکو لە سەرەتای تشرینی یەکەم، دەستی بە هێرشی زەوینی کرد بۆ سەر باشووری وڵاتەکە.
هەر لەو ماوەیەدا، ئیسرائیل بڕیاریدا ئیدی بەرهەمی 18 ساڵی سیخوڕی و هەواڵگری بدوورێتەوە. لەو 18 ساڵەدا لە رێگەی سیخوڕ و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە، زانیاریی پێویست لەبارەی یەک بە یەکی سەرکردە و ئەندامانی حیزبوڵڵا کەوتە دەست ئیسرائیل، لە ئەمینداری گشتییەوە تا دەگاتە سەرکردە باڵاکان و بچووکترین فەرماندە. وای لێهات، هەواڵگریی ئیسرائیل وەک سێبەر هەنگاو بە هەنگاو بەدوایانەوە بوو، لە بچووکەوە تا گەورە؛ پێش هەمووشیان، حەسەن نەسروڵڵا.
جۆش و خرۆشی نەتەنیاهوو
چەند رۆژێک پێش کوشتنی، ئەفسەرێکی هەواڵگریی سەربازیی سوپای ئیسرائیل شوێنی نەسروڵڵا ئاشکرا دەکات و گەورەکەی لێ ئاگاداردەکاتەوە. پاشان شلۆمۆ بەندەر، سەرۆکی ژووری هەواڵگریی سەربازیی سوپای ئیسرائیل، هەموو فەرماندەکانی نێو سوپا کۆدەکاتەوە و داوایان لێدەکات رای خۆیان لەسەر کوشتنی نەسروڵڵا بخەنەڕوو. هەموویان کۆدەنگ دەبن لەسەر ئەوەی دەبێت بکوژرێت. بەندەر زۆر هەوڵدەدات گوێبیستی رایەکی جیاواز بێت، بەڵام کەس لاری نییە. دوای ئەوە، بەندەر بڕیاردەدات بچێتە لای سوپاسالار هێرتسی هالیێڤی بۆ ئەوەی رای ئەویش بزانێت، سوپاسالاریش پلانەکە پەسند دەکات. پاشان بەندەر، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە هەواڵەکە ئاگاداردەکاتەوە، ئەویش وەک ئەوەی هەنگوینی لە کونی داردا دۆزیبێتەوە، بێ یەک و دوو، مۆری رەزامەندیی لەسەر دەدات.
نەتەنیاهوو پێیوابوو نەسروڵڵا هەر ئەوە نییە ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا بێت، بەڵکو سەرکردەی رێکخراوێکی سەربازییە لە شێوەی سوپایەکدا و خاوەن سەنگێکی گەورەیە لەنێو باسکەکانی ئێران لە ناوچەکە دا، بە جۆرێک کە ئێرانییەکان بۆ هاوسەنگکردن و لاسەنگکردنی ململانێکانی ناوچەکە، بەکاریدێنن.
بەڵام بڕیاردرا پێش ئەوەی بکوژرێت، سەرەتا لە پەڕوباڵ بکرێت. بۆیە یەکەم جار ئیبراهیم عەقیل، فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان (رەزوان)ـی حیزبوڵڵا لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندەی دیکەی باڵای بزووتنەوەکە لە 20ـی ئەیلوول کوژران. عەقیل دەستە راستی نەسروڵڵا بوو.
"لووتبەرزی و سەرکەشیی نەسروڵڵا"
پاشان لە 23ـی ئەیلوول، سوپاسالار جەنگێکی گەورەی دژی لوبنان دەستپێکرد و سەدان هێرشی ئاسمانیی گەورە کرانە سەر پێگە و بارەگەکانی حیزبوڵڵا، لە نێویاندا، ئەوانەی کە زۆر نهێنی بوون. بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، بەو هێرشانە توانییان 80٪ـی توانای هێرشبردنی حیزبوڵڵا لەنێوببەن و ژمارەیەکی زۆری فەرماندەکانی بکوژن.
ئەمیر بەحبووت، پەیامنێری سەربازیی پێگەی "واڵا" کە راپۆرتێکی لەمبارەیەوە بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت "نەسروڵڵا لە ئاماژەی ئەو هێرشە بەهێز و یەک لە دوای یەکانە تێنگەیشت و سوور بوو لەسەر بەردەوامبوون لە بەستنەوەی لوبنان بە غەززەوە. ئەو نەسروڵڵایەی خۆی پێ گەورەی شارەزایانی بواری ئیسرائیل و شێوازی بیرکردنەوەی بوو، نغرۆی لووتبەرزی و سەرکەشی ببوو، وەک چۆن سەرکردە ئەمنییەکانی ئیسرائل پێش هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 نغرۆی لووتبەرزی و سەرکەشی بوون. ئەو چاوەڕێی نەدەکرد بکوژرێت، لە کاتێکدا ئەفسەرانی هەواڵگریی سەربازی خۆیان بۆ کوشتنی یەکلاییکردبووەوە و بە هەموو توانایانەوە شوێنی کەوتبوون، بە جۆرێک پێگەکانی حیزبوڵڵایان بۆردوومان دەکرد، بۆ ئەوەی لە خشتەی ببەن و زیاتر پشتڕاستبێت لەوەی ئەو، ئەو کەسە نییە کە دەیانەوێت بیکوژن."
"دەرفەتی زێڕین"
چەند رۆژێکی کەم پێش کوشتنی، ئیسرائیل بە شوێنی وردی نەسروڵڵای زانی؛ دەیزانی لە توونێلەکان و لەسەر زەویش لە کوێوە دێت و بۆ کوێ دەچێت.
ئیسرائیل پێشبینیکرد نەسروڵڵا بچێتە بارەگایەکی ژێر زەوی کە بە درێژایی ساڵانی رابردوو، لەوێوە سەرپەرشتیی شەڕ و ئۆپەراسیۆنە گرنگەکانی حیزبوڵڵای دەکرد. بارەگاکە لە ژێرەوەی کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون بوو کە لە 20 باڵەخانەی پێکەوەبەستراو پێکهاتبوو، لە گەڕەکێکی خۆشی باشووری بەیرووت. ئیسرائیلییەکان گەیشتنە ئەو بڕیارەی کە ئەمە، "دەرفەتێکی زێڕینە و زەحمەتە دووبارە بێتەوە."
بۆ 4 رۆژ، ئیسرائیل لەسەر باڵاترین ئاستی هەواڵگری، سەربازی و سیاسی بەشوێن راست و چەپی نەسروڵڵا کەوت، لە هێرتسی هالیێڤییەوە تاوەکو دەگاتە فەرماندەی هێزی ئاسمانی کە ئەرکی جێبەجێکردنی پلانی کوشتنی نەسروڵڵای پێ سپێردرابوو. لە دوایین کۆبوونەوەشدا، نەتەنیاهوو خۆی بەشدار ببوو.
بۆ بەجێگەیاندنی پلانەکە، 14 فڕۆکەی جەنگی ئامادەکران و 83 بۆمبیان پێوە بەسترا، کە کۆی گشتیی کێشیان 80 تۆن بوو. بڕیاردرا رۆژی 27ـی ئەیلوولی 2024، کاژێر 06:21ـی ئێوارە، لەگەڵ بانگی شێوان، شوێنەکە بۆردوومان بکرێت.