حەسەن نەسروڵڵا: ئەگەر تۆڵەی عاروری نەکەینەوە، ئیسرائیل هێرشی زیاتر دەکاتە سەر لوبنان
رووداو دیجیتاڵ
حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی دەڵێت، ئەگەر تۆڵەی کوشتنی جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە ئیسرائیل نەکەنەوە، ئەوا ئیسرائیل هێرشی زیاتر دەکاتە سەر لوبنان.
ساڵح عاروری رۆژی سێشەممە، لە هێرشێکی درۆنیدا لە بەیرووت کوژرا، ئەوەش بە پەیامێک بۆ حیزبوڵڵا لێکدرایەوە بەوەی کە دەکرێت بارەگاکانی ئەوانیش بکەونە ژێر هێرش.
نەسروڵڵا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان "ناتوانن لە بەرامبەر پێشێلکاریێکی لەم جۆرە بێدەنگ بن."
نەسڕوڵڵا گوتیشی، "ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە هەموو لوبنان دەکەوێتە ژێر هێرش، هەموو شار، گوند و کەسایەتییەکان دەکەونە بەر هێرش."
لە 8ی تشرینی یەکەمەوە، بۆ پشتیوانیکردن لە حەماس، حیزبوڵڵا دەستی بە مووشەکبارانکردنی ئیسرائیل کرد، رۆژێک دوای ئەوەی کە چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر ئۆردوگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، کە هێرشی سەربازیی ئیسرائیلی بۆ سەر کەرتی غەززە بەدوای خۆیدا هێنا.
نەسروڵڵا گوتی، حیزبوڵڵا نزیکەی 670 ئۆپەراسیۆنی لەسەر سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیل کردووە و ژمارەیەک تانک و زرێپۆشی ئیسرائیلی لەنێوبردووە.
هەروەها باسی لەوە کرد، ئەگەر ئیسرائیل ئامانجە سەربازییەکانی لە غەززە بەدەستبێنێت، ئەوا روو دەکاتە لوبنان، بەڵام هۆشداریشی دا کە هەر جەنگێک لەسەر سنوور بەرپابێت، پێش هەمووان، کار لە دانیشتووانی باکووری ئیسرائیل دەکات.
نەسروڵڵا گوتی، "ئەوان داوا لە حکومەتەکەیان دەکەن لەگەڵ لوبنان بچێتە جەنگەوە یان چارەسەرێکی سەربازیی بۆ لوبنان هەبێت. من پێیاندەڵێم: ئەم بژارەیە هەڵەیە، بۆ ئێوە و حکومەتەکەتان، ئەوەشی کە پێش هەمووان باجی ئەم هەڵەیە دەدات ئێوەن."
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا رۆژی چوارشەممە هۆشداریی بە ئیسرائیل دابوو، کە جەنگەکە فراوان نەکات و گوتبووی کە حیزبوڵڵا "هیچ سنوورێک و هیچ یاسایێک" لەبەرچاوناگرێت ئەگەر ئیسرائیل جەنگ لە دژی لوبنان دەستپێبکات.