پێنتاگۆن: خستنە خوارەوەی درۆنە تورکییەکە لە حەسەکە رێوشوێنێکی خۆپارێزی بوو
رووداو دیجیتاڵ
پێنتاگۆن خستنە خوارەوەی درۆنێکی تورکیا لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان پشتڕاستدەکاتەوە و دەڵێت، رۆژی پێنجشەممە بە فڕۆکەی ئێف شازدە، درۆنێکی تورکیایان خستووەتە خوارەوە، چونکە پێیانوابووە هەڕەشەی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا دروستکردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2023، پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا تێبینییان کردبوو کە بەیانیی رۆژی پێنجشەممە، درۆنەکانی تورکیا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا چەند هێرشێکیان کردووە و بەشێکیان لە سنووری "ناوچەی قەدەخەکراودا" بوون لە نزیک حەسەکە، کە نزیکەی کیلۆمەترێک لە سەربازانی ئەمریکییەوە دوور بوون.
رووداوەکە دوای ئەوە هات کە تورکیا هێرشە ئاسمانییەکانی دژی شەڕڤانان لە رۆژئاوای کوردستان چڕکردنەوە، پاش ئەوەی کە دوو ئەندامی پەکەکە رۆژی یەکشەممە لە ئەنقەرە هێرشیان کردە سەر وەزارەتی نێوخۆی تورکیا.
پات رایدەر ئاماژە بەوە دەکات، چەند کاژێرێک دواتر، درۆنێکی تورکی گەڕاوەتەوە و بەرەو "ناوچە قەدەخەکراوەکە" رۆیشتووە کە نابێت فڕۆکە و درۆن بەسەریدا بفڕن.
گوتەبێژی پێنتاگۆن دەڵێت: "بە خەمڵاندنی فەرماندە ئەمریکییەکان، ئەو درۆنە ئەمریکییە کە بۆ مەودای کەمتر لە نیو کیلۆمەتر لە هێزەکانی ئەمریکاوە نزیکببووەوە، هەڕەشەیەکی چاوەڕوانکراو بووە و لە ئەنجامدا فڕۆکە ئێف شازدە شەڕکەرەکان وەک خۆپارێزییەک درۆنەکەیان خستەخوارەوە."
ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە سووریا هەیە کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا پشتیوانی لە هەسەدە دەکەن و ناوبەناو هێرش دژی ئەو رێکخراوە و گرووپە پەڕگیرەکانی دیکە ئەنجامدەدەن.