حیزبوڵڵای لوبنانی بە "کۆمەڵێک درۆن" هێرشی کردە سەر باکووری ئیسرائیل
رووداو دیجیتاڵ
حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، بە "کۆمەڵێک درۆن" هێرشیکردووەتە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی ئیلێتی باکووری ئیسرائیل و "ژمارەیەک کوژراو و بریندار"ـی لە ریزەکانی خستووەتەوە. سوپای ئیسرائیلیش پشتڕاستی کردەوە؛ درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک بنکەیەکی تەقیوەتەوە.
میدیای ئەمریکا باس لەوە دەکات، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گرووپی 7ـی راگەیاندووە؛ پێشبینی دەکەن ئێران و حیزبوڵڵا لەم 24 تاوەکو 48 کاژێرەدا، هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل. وەزیری بەرگریی ئەمریکاش لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا "پشتیوانیی پۆڵایین" بۆ ئیسرائیل دووپاتدەکاتەوە.
حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، بەرەبەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە، 5-8-2024) بە "کۆمەڵێک درۆن" هێرشی کردووەتە سەر بارەگای فەرماندەیی یەکەی ژمارە 91ـی سوپای ئیسرائیل لە ناوچەی ئیلێت.
هێرشەکە "شوێنی مانەوە و جێگیربوونی ئەفسەر و سەربازان"ـی یەکەکەی "بە شێوەیەکی راستەوخۆ کردووەتە ئامانج و ژمارەیەک کوژراو و برینداری لە ریزەکانیاندا خستووەتەوە،" ئەمە وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە.
هاوکات سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، درۆنێک لە نزیک ناوچەی ئیلێت تەقیوەتەوە، بەڵام باسی لە زیانەکان نەکرد.
هێرشەکە لە کاتێکدایە چاوەڕوان دەکرێت ئێران و حیزبوڵڵا هێرشی بەرفراوان بکەنە سەر ئیسرائیل، کە دەیانەوێت تۆڵەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و فوئاد شوکر، کەسایەتیی دووەمی حیزبوڵڵا بکەنەوە.
حیزبوڵڵا رۆژی یەکشەممەش دەیان مووشەکی ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کرد. ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد کە ئەفسەرێک و سەربازێکیان بەو هۆیەوە برینداربوون.
"دەکرێت لە 24 تاوەکو 48 کاژێری داهاتوودا ئێران و حیزبوڵڵا هێرش بکەن"
پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری سێ سەرچاوەوە باس لەوە دەکات، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن بە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گرووپی 7ـی راگەیاندووە؛ دەکرێت ئێران و حیزبوڵڵا لە 24 تا 48 کاژێردا هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، بلینکن جەختی کردووەتەوە کە ئەمریکا بڕوای وایە، ئێران و حیزبوڵڵا هەردووکیان تۆڵەی خۆیان دەکەنەوە، بەڵام "روون نییە" هێرشەکەیان بە چ شێوەیەک دەبێت. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە هاوتاکانی گوتووە "ئەمریکا هەوڵدەدات کۆتایی بە زیادبوونی گرژییەکان بهێنێت، ئەوەش لە رێگەی هەوڵدان بۆ ئەوپەڕی سنووردارکردنی هێرشەکانی ئێران و حیزبوڵڵا و دواتریش رێگریکردن لە وەڵامی ئیسرائیل."
ئەکسیۆس ئاماژە بەوە دەکات، "بلینکن داوای لە وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت کردووە کە گوشار لە ئێران، حیزبوڵڵا و ئیسرائیل بکەن بۆ ئەوەی ئەوپەڕی دان بەخۆیاندا بگرن."
لە ترسی فراوانبوونی گرژییەکان و گۆڕانیان بۆ جەنگێکی سەرتاسەری لەنێوان ئیسرائیل و بەرەی ئێران، ژماریەکی زۆر لە وڵاتانی جیهان داوایان لە هاووڵاتیانیان کردووە لوبنان جێبهێڵن و ژمارەیەک کۆمپانیاش گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ لوبنان، ئێران و ئیسرائیل راگرتووە.
هاوکات ئەمریکا بڕیاریداوە فڕۆکە و کەشتیی جەنگیی زیاتر بنێرێتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئەوەی هێزەکانی خۆی لە ناوچەکە بپارێزێت و لە ئەگەری هێرشی ئێران و حیزبوڵڵاشدا، بەرگری لە ئیسرائیل بکات.
"پشتیوانیی پۆڵایین بۆ ئیسرائیل"
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بە کاتی هەولێر بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکات لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی وڵاتەکە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ یواڤ گالانتی هاوتا ئیسرائیلییەکەی "جەختی لە پشتیوانیی پۆڵایینی ئەمریکا کردەوە بۆ ئاساییش و مافی بەرگریلەخۆکردنی ئیسرائیل دژی هەڕەشەکانی ئێران، حیزبوڵڵای لوبنانی، حووسییەکان و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە کە ئێران پشتیوانییان دەکات."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی پێنتاگۆن، ئۆستن و گالانت باسیان لەو گۆڕانکارییانە کردووە، کە ئەمریکا لە پێکهاتەی هێزەکانیدا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کردوونی، بەگوێرەی پێنتاگۆن، ئامانج لێیان "تۆکمەکردنی پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا، پشتیوانیکردن لە بەرگریی ئیسرائیل و رێگریکردنە لە دروستبوونی گرژیی فراوانتر لە ناوچەکەدا."
شڵەژانی زیاتری دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوای ئەوە هات؛ رۆژی 30-7-2024 ئیسرائیل فوئاد شوکری لە باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان کوشت و چەند کاژێرێک دوای ئەوەش، شوێنی مانەوەی هەنییە لە تارانی پایتەختی ئێران کرایە ئامانج و کوژرا.
کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، ئەمڕۆ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ تیمی ئاساییشی نیشتمانیی وڵاتەکەی کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاوتوێ بکەن.
کۆشکی سپی دەشڵێ، هەر ئەمڕۆ بایدن لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەمی ئوردن بە تەلەفۆن قسە دەکات.