بایدن هۆشداری بە نەتەنیاهوو دەدات: پشتیوانیی ئەمریکا بەندە لەسەر پاراستنی خەڵکی سڤیل
رووداو دیجیتاڵ
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هۆشداریی بە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دا کە بەردەوامبوونی پشتیوانیی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل بەندە لەسەر ئەوەی تا چەند خەڵکی سڤیلی غەززە دەپارێزێت.
ئەمە یەکەمین جارە واشنتن مەرج بۆ پشتیوانیکردنی تەلئەڤیڤ دادەنێت. بایدن هەروەها داوای "ئاگربەستی دەستبەجێ"ی لە نەتەنیاهوو کرد.
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە دوای ئەوە دێت کە ئەم هەفتەیە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بووە هۆی کوژرانی حەوت کارمەندی مرۆیی.
راگەیێندراوێکی کۆشکی سپی دەڵێت، بایدن داوای لە نەتەنیاهوو کردووە، "زنجیرەیەک هەنگاوی ورد، کۆنکرێتی و خوێندنەوە بۆکراو رابگەیێنێت بۆ رێگریکردن لە زیانگەیشتن بە خەڵکی سڤیل و چارەسەرکردنی نەهامەتی مرۆیی و سەلامەتیی کارمەندە مرۆییەکان."
هاوکات جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا باسی لەوە کرد، ئەمریکا دەیەوێت لە "چەند کاژێر و رۆژی داهاتوودا" ئیسرائیل هەنگاو بنێت و گەیاندنی یارمەتییەکان بە غەززە بە شێوەیەکی "گەورە" زیادبکرێت، کە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە لەوەی دروستبوونی قاتوقڕی لەو ناوچە فەلەستینییە، مسۆگەرە.
کێربی دانی بەوە دانا کە ئەم داواکارییەی ئەمریکا بەهۆی "زیادبوونی بێزارییەوە" بەرامبەر نەتەنیاهوو، وێڕای ئەوە جەختیشیکردەوە کە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ ئاساییشی ئیسرائیل، "پۆڵایینە."
لای خۆیەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان چاوەڕێ دەکەن لە چەند رۆژی داهاتوودا گۆڕانکاریی لە هەڵسوکەوتی ئیسرائیل ببینن، "ئەگەر هیچ گۆڕانکارییەک نەبینین، گۆڕانکاری لە هەڵوێستی ئێمەدا روودەدات."
کۆشکی سپیش لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، بایدن "روونیکردەوە کە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە غەززە بەند دەبێت لەسەر هەڵسەنگاندنی ئێمە بۆ هەنگاوە دەستبەجێکانی ئیسرائیل."
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی راگەیاندووە کە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کارمەندە مرۆییەکان بە هەمان شێوەی دۆخی مرۆیی غەززە، "قبووڵ ناکرێن."
لە راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە: "بایدن جەختی کردەوە کە ئاگربەستێکی دەستبەجێ، پێویستە بۆ سەقامگیرکردن و بەرەوپێشبردنی دۆخی مرۆیی و پاراستنی خەڵکی سڤیلی بێگوناهـ، هەروەها داوای لە سەرۆکوەزیران کرد پشتیوانیی لە دانوستاندنکاران بکات بۆ ئەوەی بێ دواکەوتن بگەنە رێککەوتن و بارمتەکان بگەڕێننەوە ماڵەوە."
جۆ بایدنی دیموکرات بەهۆی پشتیوانییەکەی بۆ جەنگی ئیسرائیل دژی غەززە، تاوەکو دێت رووبەڕووی گوشاری زیاتر دەبێتەوە، لە کاتێکدا ئەم ساڵ هەڵبژاردنی لەپێشە. هاوپەیمانەکانی گوشاری لێ دەکەن بۆ ئەوەی ناردنی یارمەتیی سەربازی بۆ ئیسرائیل ببەستێتەوە بە مەرجی گوێڕایەڵبوونی نەتەنیاهوو بۆ ئەوانەی داوای دانبەخۆداگرتنی لێ دەکەن.
سیناتۆرێکی هەرە نزیکی بایدن پێشتر داوای لێکردبوو کە یارمەتیی سەربازی وەک کارتێک بەرامبەر ئیسرائیل بەکاربێنێت، شتێک کە لە چەند مانگی رابردوودا بایدن بەردەوام رەتیکردووەتەوە بیکات.
کریس کوونز، سیناتۆری دیموکراتەکان کە لە ویلایەتی دێلاوێری شوێنی لەدایکبوونی بایدن لەدایکبووە، بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "پێموایە گەیشتووینەتە ئەو خاڵە."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر شاری رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە کە 1.5 ملیۆن فەلەستینی کە زۆربەیان ئاوارەن تێیدا گیرساونەتەوە، ئەوا "دەنگ دەدەم بۆ ئەوەی ناردنی یارمەتییەکان بۆ ئیسرائیل مەرجدار بکرێت. من هەرگیز ئەوەم نەگوتووە، هەرگیزیش نەگەیشتوومەتە ئەم خاڵە."
هەروەها بایدن لە نێوماڵی خۆیشیدا، لەلایەن جیڵ بایدنی هاوژینییەوە رووبەڕووی گوشار دەبێتەوە.
بایدن لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک موسڵمانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی، باسی لەوە کردبوو کە خانمی یەکەمی ئەمریکا لە بارەی زیادبوونی کوژراوانی سڤیل لە غەززە، پێی گوتووە "بیوەستێنە، هەر ئێستا بیوەستێنە."
قەتەر وەک نێوەندگیر سەرکردایەتیی گفتوگۆکان دەکات بۆ ئەوەی شەڕ بوەستێنرێت و بارمتەکانیش ئازاد بکرێن.
ئەمریکا پشتیوانی لە ئاگربەست لە چوارچێوەی ئازادکردنی بارمتەکاندا دەکات.
بایدن بۆ ماوەی چەندین مانگ بێزاریی خۆی بەرامبەر نەتەنیاهوو پێشانداوە، بەڵام لە هەمان کاتدا پێداگرانە بەرگری لە "مافی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی" کردووە.
وێڕای گوشاری خودی پارتەکەی بایدن، ئیدارەکەی بایی ملیۆنان دۆلار یارمەتیی سەربازی بۆ ئیسرائیل ناردووە، تەنانەت لە کاتێکدا کە رەخنەی لە شێوازی جەنگەکەی گرتووە.