قاسم ئەعرەجی لە تورکیا: رێگە نادەین لە عێراقەوە دەستدرێژیی بکرێتە سەر دراوسێکانمان
رووداو دیجیتاڵ
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەگەڵ سەیفوڵڵا حاجی موفتی ئۆغڵو، سکرتێری گشتیی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا کۆبووەوە و پرسی ئەمنی، ئاو و برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیایان تاوتوێکرد.
لە راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراقدا هاتووە، رۆژی دووشەممە، ''لە ئەنقەرە قاسم ئەعرەجی و سەیفوڵڵا حاجی موفتی ئۆغڵو کۆبوونەوە و باسیان لە پرسەکانی ئاو، ئاسایشی سنوورەکان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئاڵوگۆڕی زانیاری و هاوئاهەنگیان نێوانی ئەو دوو وڵاتە کردووە''.
بەپێی راگەیێندراوەکە، قاسم ئەعرەجی جەختیکردووەتەوە لەوەی حکومەتی وڵاتەکەی بەهیچ شێوەیەک رێگەنادات خاکی عێراق بەکاربهێنرێت بۆ دەستدرێژیکردن و پەلاماردانی وڵاتانی دیکە و بە تایبەتی دراوسێکانی و عێراق هەمیشە چاوی لەوەیە پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بدات.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئەنتاڵیا کۆمەڵێک دیداری هەبوو و پێرێش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.