وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکا: درێژەپێدانی شەڕ چارەسەر نییە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئێران سەرکۆنەی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر چەند ئامانجێک لە یەمەن، عێراق و سووریا دەکات و دەڵێت، ''با تووڕەبوونی ناوچەکە تاقی نەکەنەوە."
 
رۆژی دووشەممە، 05-02-2024، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵاتیی ئێکس پۆستێکی کرد کە تێیدا سەرکۆنەی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر چەند ئامانجێکی یەمەن، سووریا و عێراق دەکات و هۆشداری دەداتە دوو وڵاتەکە لەوەی ''رق و تووڕەبوونی ناوچەکە تاقی نەکەنەوە."
 
ئەمیر عەبدوڵڵاهییان ئاماژەی بەوە کرد، لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا سەبارەت بە گرژییەکان هۆشداری داوە کە درێژەپێدانی شەڕ لە ناوچەکە چارەسەر نییە و باشتر وایە کۆتایی بە هێرشەکان بهێندرێت.
 
لە پەیامەکەی وەزیری دەرەوەی ئێراندا هاتووە، ''ئێمە ئاساییشی عێراق، سووریا، یەمەن و فەلەستین بە ئاسایشی خۆمان دەزانین."
 
شەوی دووی شوباتی 2024، هێزەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی کردە سەر چەند پێگەیەکی گرووپەکانی سەر بە تاران لە عێراق و سووریا، ئەوەش لە تۆڵەی هێرشە درۆنییەکەی رۆژی 28-1-2024 بوو، کە کرایە سەر بنکەی تاوەر22 لە ئوردن و تێیدا سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و 41 سەربازی دیکە برینداربوون. بەرەبەیانی رۆژی 4-2-2024یش ئەمریکا و بەریتانیا هێرشیان کردە سەر چەند ئامانجێکی حووسییەکان لە یەمەن.
 
لە ئەنجامی هێرشەکەی دووی شوباتی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان، 17 ئەندام و چەکداری کوژران و 25 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
هاوکات وەزارەتی بەرگریی سووریا راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر پارێزگای دێرەزوور لە سووریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ''هێزە داگیرکارەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک ناوچە و شار لە رۆژهەڵاتی سووریا و لە نزیک سنووری عێراق و سووریا.''
 
بە گوتەی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، زیاتر لە 18 ئەندامی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە سووریا کوژراون.