بۆ خێراکردنی هەوڵەکانی راگرتنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل، بلینکن دەگەڕێتەوە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنتۆنیۆ بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ جارێکی دیکە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە بۆ ئەوەی بە یارمەتی نێوەندگیرەکان، هەوڵ بۆ رێککەوتنێک لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا بدەن، تاوەکو ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت، شەڕ بوەستێنرێت و لە بەرامبەردا، بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکرێن.  
 
ئەوە پێنجەمین سەردانی بلینکنە بۆ ناوچەکە لە دوای جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل کە 7ـی ئۆکتۆبەری پار دەستیپێکرد. 
 
سەردانەکەی ئەمجارەی وەزیرە ئەمریکییەکە چەند رۆژێکی کەم دوای ئەوە دێت کە وڵاتەکەی هێرشی ئاسمانیی کردە سەر پێگەی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق و سووریا، کە ئەوە دوایین هەڵچوونی گرژییەکان بوو، لە ململانێیەکدا کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتادا "هەوڵیدەدا نەگاتە ئەو ئاستە." 
 
سەردانەکە هەروەها لە کاتێکدایە، کە بێزاریی ئیدارەی بایدن بەرامبەر ئیسرائیل بەرەبەرە لە زیادبووندایە، بە جۆرێک کە رۆژی پێنجشەممە، واشنتن سزای بەسەر ژمارەیەک جووی نیشتەجێکراوی توندڕۆدا سەپاند، بەڵام هێشتا نەگەیشتووتە ئەو ئاستەی ئەمریکا گوێ بۆ داواکارییە نێوەدەوڵەتییەکان بگرێت و داوا لە ئیسرائیل بکات کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت.
 
بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەکی نێو حەماس، هەفتەیەک لەمەوبەر، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، بە بەشداریی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا CIA، هەروەها بەرپرسانی ئیسرائیلی، قەتەری و میسری، پێشنیازێک خرایەڕوو بۆ ئەوەی بۆ ماوەی شەش هەفتە جەنگ بوەستێنرێت و حەماسیش لەو ماوەیەدا بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکات، بۆ ئەوەی ئیسرائیلیش زیندانیانی فەلەستینی ئازادبکات. 
 
بلینکن لە سەردانەکەیدا دەچێتە ئیسرائیل، میسر و قەتەر. قاهیرە و دەوحەش نێوەندگیری سەرەکیین لە نێوان حەماس و ئیسرائیل. 
 
حەماس فەرمانڕەوایی کەرتی غەززە دەکات و لە دەوحە نووسینگەی هەیە.
 
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شێخ محەممەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر، رۆژی دووشەممە، بلینکن گوتی، "هیوایەکی راستەقینە" بۆ سەرکەوتنی "پێشنیازە باشە بەهێزەکە" هەیە.
 
قەتەریش گەشبینی خۆی پێشانداوە، وێڕای ئەوەی کە حەماس دەڵێت، هێشتا هیچ رێککەوتنێک نییە، لە لایێکی دیکەوە لە نێو ئیسرائیلیشدا ناکۆکی لەسەر پێشنیازەکە هەیە، چونکە هەندێک لایەن پێیانوایە ئەوە سازشکردنە بۆ حەماس. 
 
بەڵام شەقامی ئیسرائیل داوای ئازادکردنی خێرای بارمتەکان دەکات. شەوی رابردووش سەدان خۆپێشاندەر لە تەلئەڤیڤ گردبوونەوە و ناڕەزاییان لە دژی بێتوانایی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان دەربڕی کە تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە بارمتەکان بگەڕێنێتەوە، نە بەشەڕ، نە بە ئاشتی. 
 
جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە، دانی بەوەدا نا کە لەنێو ئیسرائیل ناکۆکی هەیە، بەڵام گوتی "تۆپەکە ئێستا لە گۆڕەپانی حەماسدایە."