فڕۆکەوانێکی پێشووی ئیسرائیل هەڕەشەی کوشتن لە نەتەنیاهوو دەکات


رووداو دیجیتاڵ

بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وەڵامی ئەو هەڕەشانەی دایەوە، کە لەلایەن فڕۆکەوانێکی پێشووی ئیسرائیلەوە لێی کراوە و دەڵێت: "ئەو هەڕەشەیە سنوورەکانی بەزاندووە، گوێمان لە هەڕەشەیەکی روون بوو بۆ کوشتنی سەرۆکوەزیران." ئەو کەسەی هەڕەشەی کوشتنی لە نەتەنیاهوو کردووە بەشداربووە لە بۆردوومانکردنی وێستگە ئەتۆمییەکانی عێراق لە حوزەیرانی 1981.
 
رۆژی یەکشەممە، 5-2-2023، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوای گەڕانەوەی لە سەردانەکەی بۆ فەرەنسا، لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە ئیسرائیل رایگەیاند: "یاسا جێبەجێ دەکەین لە بەرامبەر هەموو ئەو کەسانەی هەڕەشە لە سەرۆکوەزیران دەکەن، ئەو جۆرە هەڕەشانە راستەقینەن لەسەر دیموکراسییەتی ئیسرائیل."
 
ئەو قسانەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوای ئەوە هات؛ زئیڤ راز، عەقیدی یەدەگ و یەکێک لەو فڕۆکەوانانەی لە 7ـی حوزەیرانی ساڵی 1981 لە بۆردوومانکردنی وێستگە ئەتۆمییەکانی عێراق بەشداربووە، رۆژی شەممە هەڕەشەی کوشتنی لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردبوو، ئەگەر واز لە جێبەجێکردنی پلانی چاکسازییەکەی نەهێنێت، کە ئۆپۆزیسیۆن بە" کودەتا" ناوی هێناوە.
 
ئەو عەقیدە ئیسرائیلییە کە یەکێکە لە ناڕازییەکانی نەتەنیاهوو، نووسیویەتی: "ئەگەر سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت دەستبخات، ئەو و وەزیرەکانی پێویستە بکوژرێن."
 
پێشتر پۆلیسی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد کە یەعقوب شبتایی، بەرپرسی پۆلیس ئیسرائیل رایگەیاندووە لێکۆڵینەوە لە هەر هەڕەشەیەکی لەو جۆرە دەکەن، دوای ئەوەی هەڕەشەکان لە سۆشیاڵ میدیا لەوبارەیەوە زۆر بوون.
 
بەرپرسی پۆلیسی ئیسرائیل هەروەها گوتوویەتی: "پۆلیسی ئیسرائیل بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو بڵاوکراوانەدا نین، کە هاندانیان تێدا بێت بۆ زیانگەیاندن بە کەسایەتییە گشتییەکان و لێکۆڵینەوەی تێدا دەکەین، ئەگەر روون بووەوە هەر کەسێک تاوانی کردووە دواتر لیستی تۆمەتبارکردنی بۆ ئامادە دەکرێت."
 
ماوەی سێ هەفتەیە ئۆپۆزیسیۆن لەدژی پلانە چاکسازییەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل خۆپێشاندان دەکەن. نەتەنیاهوو ناوی لە پلانەکەی ناوە: "چاکسازیی دادوەوریی" و دەڵێت، دەیەوێت هاوسەنگی بۆ دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری بگەڕێنێتەوە کە بە گوتەی خۆی "ماوەی دوو دەیەیە پێشێلکراوە"، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن دەڵێت: "ئەو پلانە سەرەتای کۆتایی دیموکراسییە لە ئیسرائیل."