داڵکورد لە فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور لە سعودیە نمایشکرا؛ 'زۆر شت فێربووم لەبارەی کوردستان'

رووداو دیجیتاڵ 

لە درێژەی نمایشەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور لە سعودیە، بەڵگەفیلمی"چیرۆکی داڵکورد" پێشاندرا؛ فیلمەکە لە ژانری وەرزشییە و باسی چیرۆکی یانەیەکی تۆپی پێ دەکات کە پەنابەرانی کورد لە سوێد دروستیان کردووە و ئازاری پەنابەرییان پاڵنەربووە تاوەکو خەون بە سەرکەوتنی گەورە ببینن.
 
مارتا بالەگا، کچێکی پۆڵەندییە و بەشێکە لە ستافی فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور، کاری ئەو گفتوگۆکردنە لەگەڵ دەرهێنەری فیلمەکان لە دوای پێشاندانیان و بە رووداوی گوت، "چیرۆکێکی سەیرە و باسی مێژوو و سیاسەت دەکات، شتێکی جدییە تەنانەت کاردانەوەی خەڵکیش دوای سەیرکردنی جیاواز بوو هەندێک پێیان وابوو زۆر کاریگەر و هەستبزوێن بووە و پڕ بووە لە هاندان، پێم وایە ئەوە تەنیا تایبەت نەبوو بە ناسنامە و یانەیەکی تۆپی پێ، بەڵکو پەیامی خەڵکی جیاواز دەگەیێنێت. ئەوانەی لە وڵاتی جیاواز دەژین. پەنابەرەکان ئەوانەی دەیانەوێت ژیانێکی ئارامتر بەدەستبهێنن لە جێگەیەکی دیکە."
 
کوردۆ دۆسکی، دەرهێنەری فیلمی داڵکوردە، ئەو خۆی لە تەمەنی چوار ساڵییەوە لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیان کردووە بۆ کەنەدا و لەوێ دەژین، هاوژینەکەشی خەڵکی سوێدە. 
 
کوردۆ لە ساڵی 2017ـەوە خەریکی بەرهەمهێنانی ئەو بەڵگەفیلمەیە، هەرچەندە بەڵگەفیلمەکە بەڕواڵەت باسی وەرزشە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا، باس باسی بێ دەوڵەتی و زووڵم و زۆرداریی بەرامبەر نەتەوەی کوردە، تا دەگاتە باسی گشتپرسیی باشووری کوردستان و هەڵوێستی سەرۆک بارزانی. 
 
خۆشەویستیی کوردۆ بۆ وەرزش تێکەڵاوی لەگەڵ کولتوور ژیانی سوێدییەکان و هەستی پەنابەرێتی لە خۆیدا هانی داوە بۆ ئەوەی چیرۆکی داڵکورد هەڵببژێرێت. 
 
کوردۆ دۆسکی باسی فیلمەکەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "ساڵانێکی زۆرە ئێمە لە کوردستان رۆشتووین، بەڵام من بیر لە چیرۆکەکانی خۆمان دەکەمەوە و ناوی منیش هەر کوردۆیە، ئەوەش یەکێک لەو چیرۆکانە بوو کە دەمویست بۆ جیهانی باسبکەم."
 
خەڵکی جیاواز لە وڵات و نەتەوەی جیاواز بەشداری فێستیڤاڵەکە و بینەری فیلمەکە بوون. یون جی جیۆنگ، خەڵکی چینە بینەری بەڵگەفیلمی داڵکورد بوو لەبارەوە دەڵێت، "من زۆر گریام، زۆر چێژم لێ بینی زۆر شت فێربووم لەبارەی کوردستان، بۆم دەرکەوت زۆر گرنگی پێنەدراوە و پێشان نەدراوە کە ئێوەی کوردەکان بە چیدا تێپەڕبوون، کەمێکیش هەست بە شەرمەزاری دەکەم کە پێشتر ئەم شتانەم نەزانیوە."
 
حەسان دەهلەوی، هاووڵاتییەکی سعودیە و لەبارەی بەڵگەفیلمی داڵکورد دەڵێت، "ماشەڵڵا فیلمێکی جوان بوو و پەیامێکی باشی هەبوو، تیپێک لە سفرەوە دەستیان پێکرد و چوونە پێشبڕکێوە، هەرچەند تەکنیکی وێنەگرتن هەندێک تێبینیم هەبوو، بەڵام بۆ چیرۆک و نێوەڕۆک زۆر باشبوو."
 
بەڵگەفیلمی داڵکورد 93 خولەکە، پێشتر لە کەنەدا و ئەمریکا پێشاندراوە، بڕیاریشە بەڵگەفیلمەکە لە دەیەمین فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک لەم مانگەدا پێشان بدرێت و دواتر ببرێتە تایوان و کۆریا و هۆنگ کۆنگ.