کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئایزنهاوەری ئەمریکی گەیشتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، "لە چوارچێوەی تۆکمەکردنی هێزەکەمان،" کەشتیی فڕۆکە هەڵگریی ئایزنهاوەر گەیشتووەتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
سێنتکۆم ئێوارەی رۆژی شەممە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، کەشتییە فڕۆکە هەڵگرەکە "گەیشتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سنووری بەرپرسیاریەتیی سێنتکۆم."
لەگەڵ کەشتیی ئایزنهاوەر، سێ کەشتیی دیکەی هێرشبردن و بەرگریکردن گەیشتوونەتە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست، کە پێشتر ئەمریکا رایگەیاندبوو ئامانج لە ناردنیان رێگریکردنە لە تەشەنەکردنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ وڵاتانی دیکە و پاراستنی هێزەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە.
کەشتیی ئایزنهاوەر لەگەڵ کەشتیی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس جیڕاڵد فۆرد پێش ئەوەی بەرەو سنوورە ئاوییەکانی نزیک ئیسرائیل بەڕێبکەون، بۆ ماوەی سێ رۆژ لە شوێنێکی دیکەی دەریای نێوەڕاست سەرقاڵی مانۆڕی سەربازیی هاوبەش بوون لەگەڵ هێزی دەریایی ئیتاڵیا.
تۆماس ئیشی، فەرماندەی کەشتیگەلی شەشەمی ئەمریکا گوتی، کارکردنی کەشتییە جەنگییەکانیان شان بە شانی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا "لە ژینگەیەکی ئاڵۆزدا، توانا و لێهاتوویی ئێمە بۆ وەڵامدانەوەی خێرا و یەکلاییکەر بۆ هەر پێشهاتێک دەردەخات. ئامادەبوونی ئێمە ئاماژەیەکی روونە بۆ پابەندبوونمان بە بەرەپەرچدانەوەی دوژمنکاری و پەرەدان بە سەقامگیری لە سەرانسەری ناوچەکە."
کەشتیی جیراڵد فۆرد لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەر لە شوێنێکی دیکەی دەریای نێوەڕاستەوە بەرەو کەناراوەکانی ئیسرائیل جووڵەی پێکرا.