حەماس: لە 24 کاژێردا 24 تانکی ئیسرائیلمان تێکشکاندوون
رووداو دیجیتاڵ
لە 29یەمین رۆژی جەنگەکەدا، ئیسرائیل ئەمڕۆ بەردەوامبوو لە بۆردوومانکردنی غەززە بە چڕی. سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوای لێ دەکات رێز لە یاسای نێودەوڵەتی بگرێت. باڵی چەکداریی حەماسیش تێکشکاندنی 24 تانکی ئیسرائیلی لە ماوەی 24 کاژێردا رادەگەیێنێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردانێکیدا بۆ ناوچەکە، لەگەڵ هاوتا عەرەبەکانی کۆبووەوە و رووبەڕووی ناڕەزایی بووەوە لە بەرامبەر پشتیوانیکردنی واشنتن لە ئیسرائیل کە بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 9 هەزار و 488 کەس کە سێ هەزار و 900یان منداڵن.
وەزارەتەکە هەروەها رایگەیاند، ئەمڕۆ ئیسرائیل بە بۆردوومانەکانی لانیکەم 231 کەسی کوشتووە.
هاوکات ئەبوعوبەیدە، گوتەبێژی کەتائیبی قەسامی باڵی سەربازی حەماس رایگەیاند، ئەمڕۆ 24 تانک و زرێپۆشی ئیسرائییان تێکشکاندووە و 5 سەربازیشیان لە باڵەخانەیەک لە بەیت حانونی باکووری غەززە کوشتووە.
سوپای ئیسرائیلیش کوژرانی چوار سەربازی دیکەی خۆی راگەیاند، کە یەکێکیان فەرماندەی یەکینەیەکی هێزی پیادەیە. بەوەش کۆی گشتیی سەربازە کوژراوەکانی ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمەوە بۆ 345 سەرباز بەرزبووەوە کە 29یان لەنێو غەززە کوژراون. سوپای ئیسرائیل دەشڵێت، 260 سەربازیان برینداربوون.
ئەبو عوبەیدە هەروەها باسی لەوە کرد، چەکدارەکانیان لە ژمارەیەک بەرەوە لە باکووری رۆژئاوای غەززە بەرپەرچی پێشڕەویی ئیسرائیلیان داوەتەوە و بە مووشەکی دژە تانک رووبەڕوویان بوونەتەوە.
رۆژی 3ـی ئۆکتۆبەر، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی عەممانی پایتەختی ئۆردنی کرد و لەگەڵ هاوتا عەرەبەکانی کۆبووەوە.
"ئاگربەستی مرۆیی"
بلینکن پشتیوانیی ئەمریکای بۆ "ئاگربەستی مرۆیی" دووپاتکردەوە بۆ ئەوەی یارمەتی بگاتە خەڵکی سڤیل، ئەوەش دوای ئەوەی کە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانە توندەکەی ئیسرائیل گرنگیدانێکی کەمی بەو بیرۆکەیە پێشاندا.
بلینکن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی دوای کۆبوونەوەکە لە بارەی پاراستنی خەڵکی سڤیل و خێراکردنی گەیاندنی یارمەتییەکانەوە گوتی: "ئەمریکا بڕوای بەوەیە کە دەکرێن هەموو ئەم هەوڵانە لە رێگەی ئاگربەستی مرۆییەوە ئاسان بکرێت."
ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن داوایکرد هەموو لایەنەکان پێکەوە کاربکەن بۆ "وەستاندنی کارەساتێک کە بۆ چەندین نەوەی داهاتوو بەرۆکی ناوچەکە دەگرێت."
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند شەوی رابردوو لە باشووری غەززە ئۆپەراسیۆنێکی ئەنجامداوە، ئەوەش دوای ئەوەی کە هێرشی ئاسمانیی کردە سەر کاروانێکی ئەمبوڵانسەکان و قوتباخانەیەکی پڕ لە ئاوارە.
سوپاکە دەڵێت، شاری غەززەیان لە باکووری کەرتی غەززە گەمارۆداوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە چەندین جار لە نێو غەززە لە تونێلەکانەوە هێرش کراوەتە سەر هێزەکانیان.
جەنگەکەی سەر غەززە، لە سەرانسەری جیهان خۆپێشاندان و ناڕەزایی دژی ئیسرائیلی لێ کەوتووەتەوە، وێڕای ناڕەزایی هێزە گرنگەکانی ناوچەکە، لەنێویاندا تورکیا، کە رۆژی شەممە باڵیۆزی خۆی لە ئیسرائیل کشاندەوە.
نەتەنیاهوو "پەراوێزخراوە"
تورکیای هاوپەیمانی فەلەستین پێش جەنگەکە لە هەوڵی چاککردنەوەی پەیوەندییە تێکچووەکانیدا بوو لەگەڵ ئیسرائیل. بەڵام دوای جەنگەکە تۆنەکەی بەرامبەر ئیسرائیل و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی توند بووە، بە دیاریکراویش دژی ئەمریکا، لە کاتێکدا کە بەشی هەرە زۆری بەرکەوتووانی جەنگەکە خەڵکی سڤیلن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی شەممە بە رۆژنامەڤانانی گوت، ئەوان نەتەنیاهوو بە بەرپرس دەزانن لە بەرامبەر زیادبوونی ژمارەی کوژراونی خەڵکی سڤیل لە غەززە.
ئەردۆغان گوتی: "چیدیکە نەتەنیاهوو ئەو کەسە نییە قسەی لەگەڵدا بکەین. پەراوێزمان خستووە، "هەروەها باسی لەوە کرد کە دەکرێت ئەنقەرە پەیوەندییەکانی بە تەواوی لەگەڵ ئیسرائیلدا ببڕێت و هیوای خۆیشی دەربڕی بۆ ئەوەی لە رێگەی هەواڵگریی وڵاتەکەیەوە بتوانێت نێوەندگیری بۆ وەستاندنی جەنگەکە بکات.
بڕیارە بلینکن رۆژی یەکشەممە بە سەردانێکی دوو رۆژە بگاتە تورکیا، کە لەوێ، بە گوتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، "جەخت لە گرنگیی پاراستنی خەڵکی سڤیل لە ئیسرائیل و کەرتی غەززە دەکاتەوە."