ئیسرائیل: لە پێنج رۆژدا زیاتر لە 250 چەکداری حیزبوڵڵامان کوشتووە
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە دووشەممە 30ی ئەیلوولەوە لە ئەنجامی هێرشەکانیان بۆ سەر باشووری لوبنان زیاتر لە 250 چەکداری حیزبوڵڵای کوشتووە، کە 21یان فەرماندەی مەیدانی بوون.
سوپاکە هەروەها دەڵێت، لەو چوار رۆژەدا زیاتر لە 2000 پێگەی حیزبوڵڵای لەنێوبردووە.
ئەمڕۆ یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنی زەوینی لە باکوور بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی ناوچەکە لە چەک پاک دەکرێتەوە."
هاوکات بزووتنەوەی حیزبوڵڵا رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی دوو جار هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئیسرائیل و رێگەی نەداوە پێشڕەوی بکەن.
حیزبوڵڵا باس لەوە دەکات، لە هێرشی یەکەمدا بە هاوەن و تۆپ لەنێو سنووری لوبناندا لە سەربازانی ئیسرائیلییان داوە؛ لە دووەمیشیاندا بە تۆپ و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر سەربازانی ئیسرائیلی و نەیانهێشتووە بەرەو گوندی یارون لە باشووری لوبنان پێشڕەوی بکەن.
بزووتنەوەکە ئاماژە بەوە دەکات، بە درێژایی سنووریش لە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن.
میدیای ئیسرائیلیش رایگەیاند، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێک کە لە لوبنانەوە تەقێندرابوو دوو کەس لە باکووری ئیسرائیل بریندار بوون.
رۆژێک دوای هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، حیزبوڵڵای لوبنان وەکو پشتیوانییەک بۆ بزووتنەوە فەلەستینییەکە، دەستی بە هێرشکردنە سەر پێگەکانی سوپای ئیسرائیل لەنزیک سنووری لوبنان کرد.
لە چەند هەفتەی رابردوودا ئیسرائیل سەرنجی خۆی لەسەر غەززەوە بۆ سەر باشووری لوبنان گۆڕیوە و گورزی گەورەی لە حیزبوڵڵا داوە، لەوانەش کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتی و چەندین فەرماندەی دیکەی باڵای بزووتنەوەکە.
1ی ئەم مانگە، ئیسرائیل رایگەیاند دەستی بە هێرشی زەوینی بۆ سەر باشووری لوبنان کردووە.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، لە 8ی تشرینی یەکەمەوە نزیکەی 2 هەزار کەس کوژراون و 9 هەزار و 384 کەسی دیکەش برینداربوون.
بە گوێرەی ئامارەکانی حیزبوڵڵاش، تاوەکو ئێستا لانیکەم 26 سەربازی ئیسرائیلی کوشتووە و 3 تانکیشی تێکشکاندووە.
پێش هێرشە زەوینییەکە، لانیکەم 874 کەس لە دیوی لوبنان کوژرابوون و 9 هەزار و 384ی دیکەش بریندارببوون کە زۆربەیان چەکداری حیزبوڵڵا و بەشێکیشان خەڵکی سڤیل بوون.
لە دیوی ئیسرائیلیش، 35 سەرباز و پۆلیس و 27 کەسی سڤیل کوژرابوون.
هەروەها تاوەکو ئێستا، لە دیوی لوبنان 1.2 ملیۆن کەس و لە دیوی ئیسرائیلیش 96 هەزار کەس ئاوارە بوون.