وەزیری بەرگریی عێراق بە سەردانێک گەیشتە تورکیا
رووداو دیجیتاڵ
دوای چوار رۆژ لە هێرشە خۆکوژییەکەی سەر بارەگای سەرەکیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا، وەزیری بەرگریی عێراق بە بانگهێشتێکی فەرمی گەیشتە تورکیا و بڕیارە لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
میدیای فەرمیی تورکیا، بە پشتەستن بە زانیاریی سەرچاوە ئەمنییە باڵاکانی ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، ئەمشەو (چوارشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2023)، سابت محەممەد عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق، گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و بڕیارە لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی کۆببێتەوە.
عەباسی لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە رێوڕەسمێکی سەربازیدا پێشوازیی لێدەکرێت، دواتر لەگەڵ یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، کۆدەبێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا بابەتەکانی پەیوەست بە بەرگریی هەردوو وڵات، ئاسایش و هاریکاریی و هاوئاهەنگیی لە پیشەسازیی بەرگریدا تاوتوێ بکەن.
ئەم سەردانە چاوەڕوانکراوە دوای چوار رۆژ لە هێرشە خۆکوژییەکەی گەریلاکانی پەکەکە بۆ سەر بارەگای سەرەکیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا دێت، کە دواتر تورکیا رایگەیاند لە تۆڵەی هێرشەکەدا 20 پێگەی پەکەکەیان لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە.
هاوکات هەر ئەمڕۆ، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا جەختیکردەوە کە تەواوی دامەزراوەکانی پەکەکە و یەپەگە لە سووریا و عێراق ئامانجی هێزە سەربازی و دەزگە هەواڵگرییەکانیان دەبن.
سەبارەت بە هێرشەکەی رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا، هاکان فیدان گوتی، هەردوو هێرشکارەکە لە سووریاوە هاتوون و ئەو "کردەوە تیرۆریستییەیان" ئەنجامداوە.
لەدوای پەیامەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە، نیگەرانی خۆی لە هێرشەکانی تورکیا پێشاندا و گوتی، ئەو هێرشکارانە لە سووریاوە نەچوون، وەکو بەرپرسانی تورکیا باسی دەکەن.
مەزڵووم عەبدی، راشیگەیاند، تورکیا بەشوێن پاسا و بۆ هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر ناوچەکەیان دەگەڕێت، ئەوەش مایەی نیگەرانیانە.