دوای 10 ساڵ پەیوەندییەکانی تورکیا و میسر لە گرژییەوە بۆ ئاساییبوونەوە دەچێت
رووداو دیجیتاڵ
لە 2014ـەوە سەرۆککۆماری میسرە، هیچ وڵاتێک هێندەی تورکیا نەفرەتی لەم سەرۆکە نەدەکرد. عەبدولفەتاح سیسی، ئەو ژەنەڕاڵەی کودەتای بەسەر محەممەد مورسی، سەرۆککۆماری پێشووی وڵاتەکەدا کرد و کۆتایی بە فەرمانڕەوایی ئیخوانەکان هێنا، بەهۆیەوە 12 ساڵ پەیوەندییە سیاسییەکانی ئەنقەرە و قاهیرە بۆ ئاستی جێگری کاربەڕێکەری کۆنسووڵ دابەزێندرا.
بەڵام یەکەم وانەی سیاسەت "لە سیاسەتدا دۆستایەتی هەمیشە و دوژمنداری هەمیشە نییە، بەڵکو بەرژەوەندی هەمیشە هەیە." ئەمە وای لە تورکیا کرد وەک چۆن دەستپێشخەر بوو لە تێکدانی پەیوەندییەکان، دیسان دەستپێشخەر بێت بۆ ئاساییکردنەوەی.
دوای هەوڵێکی زیاتر لە یەک ساڵ و کاراکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان، رۆژی 14ـی شوباتی ئەم ساڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەردانی قاهیرەی کرد. سیسی دوێنێ کە بە سیسی کودەتاچی و دیکتاتۆر ناوی دەهێندرا، لە یەکەم لێدوانی فەرمیدا لە قاهیرە، ئەردۆغان بە "دۆستی بەڕێزم" ناوی سیسی هێنا.
رۆژی سێشەممە عەبدولفەتاح سیسی، بۆ یەکەمجار بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتە ئەنقەرە. سیسی دوای شەش مانگ لە سەردانەکەی ئەردۆغان، بانگهێشتی سەرۆککۆماری تورکیای قبووڵکرد و بە فڕۆکەی سەرۆکایەتیی لە ئەنقەرە نیشتەوە. سەرۆککۆماری تورکیا لە فڕۆکەخانە پێشوازی لێکرد و پێکەوە چوونە کۆشکی چانکایا و لەوێش لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا پێشوازی لێکرد.
هەرچەندە تورکیا دەستپێشخەر بوو لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ میسر، بەڵام قاهیرە هێندەی ئەنقەرە بگرە زیاتریش چاوی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بوو، بۆیە لە 2023دا هەموو خواستەکانی تورکیای بە بەڵێ بەڕێزم "ئەیوە یا فەندم" پەسندکرد و ساڵی نوێی بە هەنگاوە خێرا و کردارییەکان لەسەر ئاستی سەرۆک دۆخەکەی هێورکردەوە.
سیسی: لاپەڕەیەکی نوێ لەنێوان تورکیا و میسر هەڵدەدەینەوە
سەرۆککۆماری میسر لە گوتارێکیدا ئاماژەی بەوە کرد: پەڕەیەکی نوێ لەگەڵ تورکیا هەڵدەدەنەوە. ئەردۆغانیش لە هەمان کۆبوونەوەدا رایگەیاند: لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، پێداگرن لەسەر زیادکردنی دیدارەکانیان لە هەموو ئاستێکدا.
سیسی و ئەردۆغان، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی ئیتیحادییە، واژۆیان لەسەر راگەیێندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی باڵای هاریکاریی ستراتیژیی نێوان تورکیا - میسر کرد و کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان کرد. سەرۆککۆماری میسر خۆشحاڵی خۆی نیشاندابوو بە سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ وڵاتەکەی و رایگەیاند: "پەڕەیەکی نوێ لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەڵدەدەینەوە."
سیسی ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا هاوڕان لەبارەی دەستبەجێ دەستەبەرکردنی ئاگربەست لە غەززە و هێورکردنەوەی گرژییەکان لە کەرتی رۆژئاوا. گوتیشی "میسر و تورکیا دەتوانن دەست لەنێو دەست ئەنجامی زۆر باش لە بارەی غەززە بەدەستبهێنن."
سەبارەت بە قەبارەی بازرگانیی نێوان تورکیا - میسر، سیسی رایگەیاند "ئامانجمانە لەگەڵ تورکیا لە ماوەیەکی نزیکدا قەبارەی بازرگانیمان بگەیێنینە 15 ملیار دۆلار."
لەبارەی بانگهێشتکردنی بۆ تورکیا لەلایەن ئەردۆغانەوە، سیسی رایگەیاند "بە تاسەوە چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی بانگهێشتنامەکەی سەرۆککۆمار ئەردۆغان دەکەم بۆ سەردانی تورکیا لە مانگی نیسان دا."
ئەردۆغان: سەردانم بۆ قاهیرە دڵخۆشی کردم
دواتر سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند: دوای 12 ساڵ، سەردانم بۆ قاهیرە دڵخۆشی کردووم. پەیوەندییەکی هەزار ساڵیمان لەگەڵ میسردا هەیە، کار دەکەین بۆ گەشەسەندنی زیاتری پەیوەندییەکانمان لە هەموو روویەک و لە هەموو ئاستێکدا.
گوتیشی: "لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەکەماندا، پێداگرین لەسەر زیادکردنی دیدارەکانمان لەگەڵ میسر لە هەموو ئاستێکدا. بۆ ئەمەش، بانگهێشتی فەرمیم پێشکێشی بەڕێز سیسی کرد بۆ سەردانکردنی تورکیا، بەڕێزیان بەڵێنی پێدام بەم نزیکانە سەردانمان بکات."
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوەش کرد، هاوڕان "بۆ گەیاندنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانمان بۆ 15 ملیار دۆلار." گوتیشی سێ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی هاوبەشیان هەیە. هەروەها بازنەی هەناردەی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا بەتایبەتی درۆنەکان، لەگەڵ میسر فراوانتر دەکرێت. بابەتی هەناردە و هاوردەکردنی گازی LNG و وزەی ناوەکیی پاک، کە یەکێک بووە لەو بابەتانەی گفتوگۆیان لەبارەیەوە کرا.
ئەردۆغان بۆ سیسی: ئیرادەمان دووپاتکردەوە بۆ پێشخستنی هاریکاریمان
ئەردۆغان باسی لە پەیوەندییەکانی تورکیا-میسر کرد و رایگەیاند: ''لەگەڵ میسردا ئیرادەمان دووپاتکردەوە بۆ پێشخستنی هاریکاریمان لە هەموو بوارێکدا بە تایبەتی پیشەسازی، بازرگانی، بەرگری، تەندروستی، ژینگە و وزە''.
راشیگەیاند: ''پێداگرانە بەرەوپێشدەچین بۆ ئامانجەکەمان لە گەیاندنی قەبارەی بازرگانیمان بۆ 15 ملیار دۆلار لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا. لەسەر بنەمای قازانج پەیوەندییە فرە رەهەندییەکانمان بەرەوپێش دەبەین''.
سیسی بۆ ئەردۆغان: پەیوەندییە پتەوەکان زۆر زیاتر پەرەدەسێنن
سیسی باسی لە پەیوەندییەکانی تورکیا-میسر کرد و رایگەیاند: ''ئەم سەردانەم بۆ تورکیا نیشاندەری ئەوەیە کە پەیوەندییە پتەوەکانی نێوان هەردوو وڵات زۆر زیاتر پەرەدەسێنن''.
سیسی ئاماژەی بە هاریکاریی نێوان وڵاتەکەی و تورکیا کرد و رایگەیاند: ''بڕیارماندا بەیەکەوە تاوتوێی پرسە هەرێمییەکان بکەین و کار بکەین بۆ رێگریکردن لە قەیرانە مرۆییەکان''.
ئاڵنگاری ئیخوان موسلمین
بەهۆی کودەتاکەی عەبدولفەتاح سیسی، لە ساڵی 2013 کە ئەوکات وەزیری بەرگری و سوپاسالاری میسر بوو، لە دژی محەممەد مورسی و فەرمانڕەوایی ئیخوان موسلمین، ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و ئەندامە کاریگەرەکانیان، لەلایەن تورکیا داڵدەدران. ئەم کەیسە بەشێک بوو لەو بەربەستانەی کە تەمەنی خراپی پەیوەندییەکانی بۆ 12 ساڵ درێژکرد.
رۆژنامەی ئەهرام-ی میسری لە دوای سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ قاهیرە، ئەم پرسەی وروژاند و رایگەیاند، رادەستکردنەوەی سەرکردە و ئەندامە کاریگەرە داواکراوەکانی ئیخوان موسلمین بەشێک دەبێت لە مەرجی قاهیرە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەنقەرە. باسی لەوەشکرد کە ئەگەر بە ئاشکراش نەکرێت، دەزگا هەواڵگرییەکان دەتوانن ئەم پرسە چارەسەر بکەن.
کێشەی لیبیا
تورکیا رێککەوتنی هاریکاری سەربازیی لەگەڵ حکومەتی نیشتمانی لیبیا واژۆکرد، کە نەتەوە یەکگرتووەکان دانی بە شەرعیەتی ئەو حکومەتەدا ناوە. هێزی سەربازی نارد، پشتیوانی لۆجستی و تەکنیکی پێشکێشکرد و مەشق و راهێنانی سەربازی پێکردن.
هەروەها لە کاتی جەنگدا لە دژی حەفتەر، سێ کەشتی سەربازی لە سنوورە ئاوییەکانی تەرابلوس لەنگەری گرت و بە فڕۆکەی سەربازی پشتیوانی کرد و رێگریکرد لە هەر هێرشێکی دەریاوانی. بنکەی سەربازیی وەتییە بە 2000 سەرباز بەکار دەهێنێت و فڕۆکەی ئێف-16 و سیستەمی مووشەکی بۆ بەرگریی ئاسمانیی لە جۆری MIM-23 Hawk XXI PIP3 جێگیرکردووە.
هەرچی میسرە، پشتیوانی لە هێزەکانی ژەنەراڵ حەفتەر دەکرد، بۆ بەرگرتن لە هەژموونی تورکیا بۆ سەر میسر. کەچی ئەمڕۆ، هەردوو سەرۆک باسیان لە کێشەی لیبیا کرد کە رەنگە بۆ درێژەدان بە پەیوەندییە باشەکان لەم قۆناخەدا، گۆڕانکاری بە هێز بکرێت و هاوسەنگی نوێ بێتە کایەوە.
تورکیا و میسر لە دەریای نێوەڕاستدا دراوسێن
ئەنقەرە و قاهیرە دوو دراوسێی ناکۆک بوون لە دەریای سپی دا. خراپی پەیوەندییەکان هۆکار بوو بۆ سستی هاتووچۆی کەشتییەکان و گەیشتنیان بۆ نۆکەندی سوێس و دەروازەی دەریای سوور بەهۆی هەژموونی نوێی تورکیا لەم دەریایە بەهۆی کۆنترۆڵکردنی سنوورە ئاوییەکانی خۆی، قوبرسی باکوور، یۆنان، سووریا و لیبیا.
لە بەرامبەردا میسر هەناردەی گازی سروشتیی بۆ تورکیا راگرت و ناچاری کرد دەست بۆ گازی سروشتیی لیبیا ببات و داوای پشکی زیاتریش لە ئێران بکات، کە ئەویش هەم نرخی گازی سرووشتی و هەمیش نرخی کرێی گواستنەوەی دوو هێندە گران کرد و لە وەرزی زستانیشدا پابەندی هەناردەی پشکەکانی نەدەبوو.
بۆیە تورکیا کارتی هەرێمی قەرەباخی ئازەربایجانی بەکارهێنا بۆ ئەوەی ئازەربایجان ببێتە دراوسێی نوێی و راستەوخۆ گازی سروشتیی لە ئازەربایجان بە نرخێکی زۆر هەرزانتر دەست بکەوێت و گورز لە ئێران بدات بۆ ئەوەی پێویستی پێ نەبێت.
میسر چاوی لە درۆنەکانی تورکیایە
سوپای میسر یەکێکە لە بەهێزترینی کیشوەری ئەفریقا، بەڵام خاڵی لاوازی سوپاکە هێزی ئاسمانییە، بەتایبەتیش لە تەکنۆلۆژیای نوێی جەنگ و درۆنەکان، کە زۆر بە ئەستەم لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی دەکەوێت.
سەرهەڵدانی داعش، کێشەی بەنداوی نەهزە لەگەڵ ئەسیوبیا، کێشەی لیبیا، گۆڕانی هاوکێشەی ئەفریقا لە بەرامبەر فەرەنسا و جەنگی ئیسرائیل-غەززە، میسری ناچارکرد داوا لە تورکیا بکات بۆشاییەکانی بە تەکنۆلۆژیای پیشەسازیی جەنگ بە گشتی و درۆنەکان بە تایبەتی بکات.
لە دیدارەکەی ئەمڕۆی سیسی-ئەردۆغان دا، تیشک خراوەتە سەر خێراکردن بۆ پێدانی درۆنی بایراکتار بە سوپای میسر. ئەردۆغان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەیدا ئاماژەی پێدا و رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا بەشێک لە نەوەی نوێی درۆنەکانی بایراکتار دەنێرنە میسر.
وەبەرهێنانی تورکیا لە میسر
تورکیا بە 200 وەبەرهێن، پرۆژەی زۆر مەزن لەم وڵاتەدا ئەنجام دەدات. پارساڵ قەبارەی وەبەرهێنانی تورکی لە میسر گەیشتە 10.8 ملیار دۆلار. ئاستی هەناردەی تورکیا بۆ میسر سەرووی شەش ملیار دۆلارە. هەروەها قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیشیان گەیشتە 10.3 ملیار دۆلار. میسرییەکان مەبەستیانە کارئاسانی زیاتر بۆ وەبەرهێنانی تورکی بکەن بەتایبەتی لە بواری پیشەسازیدا. یەکێک لە یاداشتنامەکانی لێکتێگەیشتن، ئاسانکاریکردن بوو بۆ هەناردەکاران و وەبەرهێنەرانی تورک لە میسر.
بۆچی تورکیا و میسر 10 ساڵ پەیوەندییەکانیان خراپ بوون؟
بەهۆی کودەتای سەربازیی عەبدولفەتاح سیسی لە ساڵی 2013 دژی محەممەد مورسی، پەیوەندییەکان گرژی زۆری تێکەوت. حکومەتی میسر، تورکیای بەوە تۆمەتبارکرد دەست لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتەکەی وەردەدات و رێز لە سەروەریی میسر و بنەمای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ناگرێت، تورکیاش ئاماژەی بەوە دەکرد، ئەوەی روویداوە، کودەتایە.
دوای 10 ساڵ لە خراپی پەیوەندییەکان، تورکیا هەوڵەکانی چڕکردەوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ میسر ئاسایی بکاتەوە. هەوڵە دیپلۆماسییەکانی مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی پێشووی تورکیا ئەنجامی هەبوو، کە بە ئەندازەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان ناوی دەرکرد.
بەهۆیەوە رۆژی 22ـی تەممووزی 2023، ساڵح موتڵو شەن، کە پێشتر کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی تورکیا بوو لە قاهیرە، بە فەرمی و بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە قاهیرە دامەزرا و بڕیارەکەش لە رۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتە بڵاوکرایەوە.
هەمان رۆژ بە فەرمانی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، عەمر حەمامی کە ئەویش پێشتر کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی میسر بوو لە ئەنقەرە، بە فەرمی بە باڵیۆزی میسر لە تورکیا دامەزرا. بەمەش، دوای 10 ساڵ لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و قاهیرە، ئاستی پەیوەندییەکان بۆ باڵیۆزخانە بەرزکرایەوە.
رۆژی 18ـی ئاداری 2023، مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری پێشووی دەرەوەی تورکیا سەردانی قاهیرەی کرد. هەروەها رۆژی 14ـی نیسانی 2023یش سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی پێشووی میسر سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ هاوتا تورکیاییەکەی کۆبووەوە.
لە تشرینی دووەمی 2022یشدا عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە قەتەر و لە رێوڕەسمی دەستپێکردنی مۆندیالدا یەکیان بینی و تەوقەیان کرد.
هەرچەندە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان گرژ بوون، بەڵام پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات پەرەیان پێدراوە، بە جۆرێک لە ساڵی 2007ـەوە قەبارەی وەبەرهێنانی تورکیا لە میسر سێ بەرامبەر بووە و گەیشتووەتە 10.8 ملیار دۆلار. قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان گەیشتە 10.3 ملیار دۆلار.
رێوڕەسمی پێشوازی سەرۆککۆماری تورکیا لە سەرۆکی میسر؛ عەبدولفەتاح سیسی لە بەردەم 'پاسەوانانی شەرەف' دەوەستێت و سڵاویان لێدەکات pic.twitter.com/hieII7TN7E
— Rudaw (@Rudawkurdish) September 4, 2024