حەج و عەمرەی کوردستان: دوو حاجی کورد کە لە سعودیە دەستگیرکرابوون، ئازاد دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
دوو هاونیشتمانی خەڵکی پارێزگای هەولێر کە خاوەنی کۆمپانیای حەج و عەمرەن، نزیکەی مانگێک بوو لە سعودیە دەستگیرکرابوون، بەرێوەبەری حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمیندارێتیی شاری تایف بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرکردوون و چەند رێکارێکی کارگێڕی ماوە، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو ئازادبکرێن.
رۆژی دووشەممە، 04-09-2023 شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو دوو کەسە بە ناوەکانی سەباح و سالارن کە سەرەتای مانگی ئاب گەشتی عەمرەیان هەبوو و هاونیشتمانیان بردووە بۆ عەمرە.
لەبارەی هۆکاری راگرتنی ئەو دوو کەسە نیاز نەقشبەندی دەڵێت، پرسیاریان کردووە و دەرکەوتووە، ئەو دوو کەسە لە سعودیە سەردانی شاری تائیفیان کردووە بۆ ئەوەی سەیری یارییەک بکەن.
گوتیشی، "وادیارە بەرپرسانی وڵاتی سعودیەش لە یارییەکە ئامادە بوون و وێنەگرتن رێگەپێدراو نەبووە، بەڵام بە ئێمە گوتراوە ئەو دوو هاونیشتمانیە وێنەی یارییەکە و بەرپرسانیان گرتووە."
بەرێوەبەری حەج و عەمرە گوتیشی، ئەمڕۆ لەگەڵ کۆنسوڵی عێراق لە جەدە لەسەر هێڵ بووین، ئەمینداری گشتی شاری تائیف بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرکردوون و تەنیا هەندێک رێکاری کارگێڕیی ماوە بۆ ئەوەی ئازادبکرێن، هیچیان لەسەر نییە و مامەڵەی ئاساییان لەگەڵدا کراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا ئازاددەکرێن.