عەلی باقری دانوستاندنی ئێران و ئەمریکا پشتڕاست دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

عەلی باقری، سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی لە عومان دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا دەکات.

باقری لە سەردانێکیدا بۆ بەیرووت، بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئێمە بەردەوام دانوستاندنمان کردووە و هەرگیز نەوەستاوە."
 
واشنتن و تاران لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی 1979ـەوە، هیچ پەیوەندیێکی دیپلۆماسییان نەماوە.
  
میدیای بەریتانیا مانگی ئادار بڵاویکردەوە کە باقری لە سەرەتای ئەم ساڵ لە عومان، گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ ئەمریکا کردووە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە کە بەهۆی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە دروستبوون.  
 
ئەمریکا هاوپەیمانی نزیکی ئیسرائیلە و زۆرترین یارمەتیی سەربازیی بۆ دەنێرێت، لە کاتێکدا ئێران هاوپەیمانی حەماسی فەلەستینییە.  
 
باقری رۆژی دووشەممە گەیشتە لوبنان. لە دوای گیانلەدەستدانی حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی ئەو وڵاتە لە رووداوی تێکشکانی هێلیکۆپتەرێکدا، ئەوە یەکەمین سەردانی باقری بوو بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی.
 
باقری گوتی: بۆیە سەردانی لوبنانی کردووە چونکە "لانکەی بەرەنگارییە."
 
ئێران لە رووی دارایی و سەربازییەوە پشتیوانی لە حیزبوڵڵای لوبنانی دەکات. گرووپە چەکدارە لوبنانییەکە هاوپەیمانی حەماسە و لە سەرەتای جەنگی غەززەوە، لەگەڵ ئیسرائیل کەوتووەتە هێرشی رۆژانە لە دژی یەک. 
 
باقری، دیپلۆماتی باڵای ئەتۆمیی ئێران گوتی: دانوستاندن لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهان لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تارانەوە بەردەوامن. 
 
وڵاتانی رۆژئاوا نیگەرانن لەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی دروستبکات. بەڵام ئێران هەمیشە رەتیکردووەتەوە نیازێکی وای هەبێت. باقری گوتی: "ئامۆژگارییان دەکەین دەرفەتی زیاتر لەدەست نەدەن و ئەو کارانە قەرەبوو بکەنەوە کە دەبوو بیکەن و نەیانکرد."
 
بڕیارە ئەمڕۆ باقری لە سووریا بێت و لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق کۆبێتەوە.