ئەمریکا: ساڵانە ئێران بایی 700 ملیۆن دۆلار هاوکاریی سەربازی دەداتە حیزبوڵڵا


رووداو دیجیتاڵ 

بەیرووتی پایتەختی لوبنانە و خەڵکێکی زۆر بۆ پاڵپشتی لە دۆزی فەلەستینییەکان چوونەتە سەر شەقام. هێزی سەرەکیی پشت جووڵانی خەڵکەکە بریتییە لە حیزبوڵڵا. سرووشتی حیزبوڵڵا هێزێکی شیعەیە و ساڵی 1982 بە پاڵپشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دامەزرا. 
 
حەسەن نەسروڵا، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا دەڵێت، "ئێستا لە تواناماندایە ئەو هەزاران مووشەکەی کە هەمانە بکەینە مووشەکی زیرەک. چەندین ساڵە دەستمان بەو کارە کردووە. هەروەها دەستمان بە دروستکردنی درۆنیش کردووە؛ ئەگەر دەتانەوێ درۆنتان پێ بفرۆشین داوای بکەن."
 
لە ساڵی 1992ـەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی لوبنان دەکات. ئێستا خاوەنی 12 کورسیی پەرلەمانە، بەڵام هاوپەیمانی دیکەشی هەیە، سەرەکیترینیان بزووتنەوەی ئەمەلە کە خاوەنی 17 کورسییە. ئەو پێگەیەی کە هەیەتی وایکردووە، زۆرجار پڕۆسەی سیاسی پەکبخات. 
 
حیزبوڵڵا بە گەورەترین هێزی سەربازیی ناحکومی لە جیهاندا دادەنرێت. بە گوتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئێران ساڵانە بڕی 700 ملیۆن دۆلار هاریکاریی سەربازی دەداتە حیزبوڵڵا. 
 
ئەو بەهێزبوونە لای بەشێکی زۆری شیعەکانی وڵاتەکەوە پێشوازی لێدەکرێ، بەڵام لە لایەن بەشێکی زۆری سوننە و پێکهاتەکانی دیکەی وڵاتەوە رەتدەکرێتەوە و بە هۆکاری سەرەکی بەشێک لە قەیرانەکانی وڵاتی دادەنێن؛ خاڵێک دادگەی نێودەوڵەتی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە کوشتنی رەفیق حەریری نموونەی بۆ دەهێنێتەوە.   
 
دەیڤد ری، دادوەری دادگەی نێودەوڵەتی دەڵێت، "بڕیاری دادگە بەم جۆرەیە، سەلیم جەمیل عەیاش تاوانبارە بە ئەنجامدانی پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی کارێکی تیرۆریستی لە رێگەی بۆمبێکی چێنراوەوە و کوشتنی رەفیق حەریری."
 
ئەو کەسەی بە تاوانبار ناسێندرا، ئەندامی حیزبوڵڵای لوبنانە. گرووپەکە تەنیا لە نێو لوبناندا جموجووڵی نییە؛ دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 رۆڵی گەورەی لە یارمەتیدانی سوپای ئەسەد هەبوو. بە گوێرەی پەیمانگەی واشنتن بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک، 865 چەکداری لە سووریا کوژراون.