شاندێکی حەماس لەگەڵ بەرپرسانی میسر لەبارەی ئاگربەست کۆبوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوو بەرپرسی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی رایدەگەیێنن، شاندێکیان لەگەڵ بەرپرسانی هەواڵگریی میسر کۆبوونەوەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەی ئاگربەستی غەززە کردووە.
بەرپرسێکی حەماس رایگەیاند: "شاندەکە لەگەڵ جەنەراڵ حەسەن رەشاد، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی میسر و ژمارەیەک بەرپرسی هەواڵگریی میسر کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەی رێگەکانی وەستاندنی شەڕ و دەستدرێژییەکان کردووە".
چوونی شاندەکەی حەماس بۆ قاهیرە، چەند رۆژێک دوای راگەیاندنی ئاگربەستی لوبنان دێت کە لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا کرا. میدیای ئەمریکا دەڵێت، دوای راگەیاندنی ئاگربەستی غەززە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە لەگەڵ حەماسیش ئاگربەست بکات.
بەرپرسێکی دیکەی حەماس لە قاهیرەی پایتەختی میسر گوتی: "میسر، قەتەر و تورکیا هەوڵێکی گەورە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئالوگۆڕکردنی دیلەکان دەدەن."
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی میسر بە فەرمیی هیچیان لەسەر کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حەماس نەگوتووە.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، کە ئاگربەستی لوبنان کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، حەماس رایگەیاند، نێوەندگیرەکانیان ئاگادار کردووەتەوە کە ئامادەی رێککەوتنی ئاگربەستن.
بەرپرسێکی میسری هەفتەی رابردوو بە میدیای ئەمریکی راگەیاند، شاندێکی میسری سەردانی ئیسرائیلی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێی ئاگربەستی غەززەیان کردووە.
دوایین هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، پێشنیازەکەی میسر بوو کە لە 27ـی ئۆکتۆبەر لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسرەوە پێشنیاز کرا.
لە پێشنیازەکەیدا سیسی داوای دوو رۆژ ئاگربەستی کرد، هەروەها داوای کرد حەماس چوار بارمتەی ئیسرائیل ئازاد بکات و لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل ژمارەیەک بەندکراوی فەلەستینی ئازاد بکات، بەڵام پێشنیازەکە لەلایەن حەماسەوە رەتکرایەوە.
حەماس داوا دەکات ئیسرائیل بەتەواوی لە غەززە بکشێتەوە و ژمارەیەکی زۆر بەندکراوی فەلەستینی ئازاد بکات.