لە دەریای عومان، ئەمریکا دەستی بەسەر 50 تۆن چەکی قاچاخدا دەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە دەریای عومان، هێزی دەریایی ئەمریکا، دەستی بەسەر 50 تۆن چەک و تەقەمەنیی قاچاخدا گرت کە بە گوتەی خۆی ئێران هەوڵیداوە لە کەشتییەکی راوەماسیدا بە قاچاخ بیگوازێتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە دەریای عومان رێگەیەکی کۆنی گواستنەوەی دەریاییە لە ئێرانەوە بۆ یەمەن.
هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە کاتی پشکنینی باری کەشتییەکەدا چەکە نایاساییەکەیان دۆزیتەوە. ئەمە دووەم باری چەکی قاچاخە کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا لە ماوەی 30 رۆژدا دەستی بەسەردا دەگرێت.
ئەو بارە چەکەی ئەمجارە، کە هێزەکانی بنکەی دەریایی لویس پوولەر دەستیان بەسەردا گرتووە، پێکدێت لە یەک ملیۆن گوللـەی 7.62 ملیمەتری، 25 هەزار گوللـەی 12.7 ملیمەتری، نزیکەی 7 هەزار فیوزی مووشەک، لەگەڵ 2 هەزار 100 کیلۆ بارووتی ئاڕپیجی.
براد کووپەر، فەرماندەی هێزی دەریایی ئەمریکا لە فەرماندەیی ناوەندی دەڵێت، ئەو چەکانە لە لایەن ئێرانەوە نێردراون.
فەرماندە ئەمریکییە دەشڵێت: "هێزی دەریایی ئەمریکا سوورە لەسەر رێگرتن و پووچەڵکردنەوەی جموجوڵی مەترسیدار و نابەرپرسیارانەی دەریایی لە ناوچەکە."
فرۆشتنی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی چەک بە حووسییەکانی یەمەن، بڕیارنامەی ژمارە 2216ی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکات.
کەشتیگەلی پێنجەمی سەربازیی ئەمریکا لە 8ی نۆڤەمبەری 2022 لە دەریای عومان دەستی بەسەر بەلەمێکی راوەماسیدا گرت کە چەکی لە ئێرانەوە دەگواستەوە بۆ یەمەن.