ئەمریکا بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل جووڵە بە هێزی زیاتر بەرەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) دەڵێت، کۆمەڵەیەک فڕۆکەی جەنگی و کەشتییەکی دیکەی فڕۆکەهەڵگر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیردەکەن بۆئەوەی دژی هەڕەشەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانی، بەرگری لە ئیسرائیل بکەن.
راگەیێندراوەکە کە رۆژی هەینی بە کاتی واشنتن بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکات، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا فەرمانی کردووە ژمارەی ئەو کەشتییە جەنگییانەی مووشەکی کرووز و بالیستیان لەسەرە، لە ئەورووپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیادبکرێت و لە وشکانیش سیستمی بەرگریی بالیستیی زیاتر جێگیردەکەن.
ئەم هەنگاوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، بەرپرسانی واشنتن چاوەڕێ دەکەن گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیادبکەن، دوای ئەوەی دوو سەرکردەی حەماسی فەلەستینی و حیزبوڵڵای لوبنانی کوژران.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە بە کاتی واشنتن، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد و باسی لەوە کرد کە ئەمریکا هێز و چەکی زیاتر دەخاتە کار بۆ ئەوەی دژی هێرشی مووشەکی بالیستی و درۆنی ئێران ئیسرائیل بپارێزێت، ئەمە وەک کۆشکی سپی باسی کرد.
نیسانی ئەم ساڵ، هێزەکانی ئەمریکا بەرپەرچی دەیان مووشەک و درۆنی ئێرانیان دایەوە، کاتێک تاران بۆ یەکەمین جار لە مێژووی خۆیدا هێرشی راستەوخۆی سەربازیی کردە سەر ئیسرائیل.
کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران لە رۆژی چوارشەممەی رابردوو و فوئاد شوکر، کەسایەتیی دووەمی حیزبوڵڵا لە بەیرووت لە رۆژی سێشەممەی رابردوودا، مەترسیی زیادبوونی بارگرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گەورەتر کردووە، بەجۆرێک ئێران بەڵێنی وەڵامدانەوەی هێرشی سەر خاکەکەی دەدات.
لەدوای هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی پار بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، ئیسرائیل بەڵێنی کوشتنی سەرکردەکانی حەماسی داوە.
ئۆستن فەرمانی کردووە کەشتیی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکن بنێرێتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئەوەی شوێنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری رۆزڤێڵت بگرێتەوە کە بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژی هەینیی میدیای ئەمریکی، رۆزڤێڵت لە گەرووی هورمز لە نزیک ئێران جێگیرکراوە.
بڕیارەکە پێشانی دەدات کە پێنتاگۆن نیازی وایە بەردەوام کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر لە ناوچەکە بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی بەرپەرچی هێرشی ئێران بداتەوە.
پێنتاگۆن باسی لەوە نەکردووە کە کۆمەڵە فڕۆکەکە لە کوێوە دەڕۆن یان لە کوێی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیردەکرێن.
ئەمریکا لە ژمارەیەک وڵاتی ناوچەکە بنکەی سەربازی هەیە.