ماکرۆن دەچێتە سەر سنووری غەززە

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا.
رووداو دیجیتاڵ 

کۆشکی ئیلێزێی فەرەنسا دەڵێت، سەرۆکی وڵاتەکە لە سەردانەکەی بۆ میسر، هەفتەی داهاتوو سەردانی شاری عەریش دەکات کە نزیکە لە غەززە.
 
رۆژی پێنجشەممە 03-04-2025 کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا رایگەیاند: "هەفتەی داهاتوو ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەردانی میسر دەکات و دەچێتە شاری عەریش؛ لەوێ لەگەڵ کارمەندانی مرۆیی و ئەمنی کۆدەىیتەوە."
 
شاری عەریش نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە شاری رەفەحی باشووری غەززە دوورە.
 
کۆشکی ئیلێزی راشیگەیاند: "سەرۆک ماکرۆن جەخت لە پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ بڵاوەپێکردنی ئەو کارمەندانە، لە بەرژەوەندیی ئاگربەست دەکاتەوە."
 
شاری عەریش خاڵێکی گرنگی گواستنەوەی هاوکاریی نێودەوڵەتییە بۆ غەززە.
 
بڕیارە ماکرۆن رۆژی یەکشەممە 06-04-2025 سەردانی قاهیرە بکات و رۆژی دواتر لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر کۆبێتەوە.
 
لەوکاتەوەی جەنگ لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 دەستیپێکردووە، میسر لەگەڵ ئەمریکا و قەتەر وەک نێوەندگیرێک لە نێوان حەماس و ئیسرائیل کاریکردووە.
 
بەگوێرەی نووسینگەی ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا جەخت لە "بەپەلەیی" راگەیاندنی ئاگربەستێک دەکاتەوە، "بۆ ئەوەی چیدیکە دانیشتووانی غەززە ئەو کارەساتە مرۆییە نەچێژن. بۆ ئەوەی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بوەستن و بارمتەکانیش ئازاد بکرێن."
 
بڕیاریشە لە ماوەی سەردانەکە، میسر و فەرەنسا واژۆ لەسەر رێککەوتننامەیەک بۆ چارەسەرکردنی بریندارانی فەلەستین بکەن.